کۆی ئەو بەنزینەی لە کارتی 40 لیتریی ئۆتۆمبێلەکاندا دەمێنێتەوە دەخرێتەوە ژێر هەژماری کۆنترۆڵی نەوت و کانزاکانی هەولێر و ڕێگە بە بەنزینخانەکان نادەرێت دەستکاری بڕی زیادە بکەن.

 

ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر لە ڕوونکردنەوەیەکدا سەبارەت بە کارتی سووتەمەنی ڕایگەیاند، بڕی 40 لیترەکەی ناو کارتەکە تەنها بۆ حساباتی شوفێر خۆیەتی، بەڵام ژمێرەری (عداد) بەنزینخانەکان ڕۆژانە پێش دابەشکردن و دوای دابەشکردن لەلایەن تیمەکانمانەوە تۆمار دەکرێت. 

 

بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر باسی لەوە کرد، ئەگەر ئۆتۆمبێلێک لە کۆی 40 لیتر تەنها 30 لیتر بەنزین بکات، تەنها ئەو 30 لیترە لەسەر بەنزینخانەکە هەژمار دەکرێت و 10 لیترەکەی دیکە لەسەر بەنزینخانەکە کۆ دەبێتەوە و بۆ ڕۆژی دواتر سەرلەنوێ دابەشی سەر هاووڵاتیان دەکرێتەوە.

 

بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر ئاشکرای دەکات، سیستەمی ئەلیکترۆنیی سووتەمەنی لە سەرەتادایە و لە هەنگاوی داهاتوودا ئامێری خوێنەر (Reader) لەسەر سەرجەم ڕەمپەکانی بەنزینخانەکان دادەنرێت کە ڕاستەوخۆ بە سیستەمی ناوەندیی نەوت و کانزاکانەوە دەبەسترێنەوە، بەجۆرێک ئۆتۆمبێل چەند لیتر بەنزین وەربگرێت، تەنها ئەوەندە بە وردیی ئەلیکترۆنی تۆمار دەکرێت.