حکومەتی سەنگاپور بۆ ڕێگریکردن لە کەمبوونەوەی مەترسی دابەزینی ڕێژەی منداڵ، بڕی 70 هەزار دۆلاری سەنگاپوری، کە یەکسانە بە 55 هەزار دۆلاری ئەمریکی وەک پاڵپشتی پێشکەشی خێزانەکان دەکات بۆ لەدایکبوونی هەر منداڵێک.
بە گوێرەی هەواڵێکی ڕۆژنامەی سترەیت تایمزی سەنگاپوری، حکومەتی سەنگاپور کۆمەڵێک ڕێکار و میکانیزم بۆ پشتگیری خێزانەکان ڕاگەیاند، کە نزیکەی 70 هەزار دۆلاری سەنگاپوری (55 هەزار دۆلاری ئەمریکی) وەک پشتگیری دارایی ڕاستەوخۆ لە لەدایکبوونەوە تا تەمەنی 17 ساڵی دابین دەکات، جگە لە هاوکارییە داراییەکان مۆڵەتی دایکایەتی و باوکایەتیش زیاد دەکات.
بەپێی ئامارەکان، زیاتر لە 610 هەزار منداڵ لە سەرانسەری 380 هەزار ماڵدا سوودمەندن لەو ڕێکارانەی حکومەت.
لە ڕۆژنامەی سترەیت تایمز ئاماژە بەوەشکراوە، ئەم رێکارە نوێیە لە پێناو پشتگیریکردنی خێزانەکانە و ڕێگری لە مەترسی کەمبوونەوەی ڕێژەی منداڵ دەکات، ئەو خێزانانەشی کە سێ منداڵ یان زیاتریان هەیە بەردەوام دەبن لە وەرگرتنی هاوکاری زیادە، بەتایبەتی لە بوارەکانی وەک چاودێری تەندروستی، تێچووی گواستنەوە و نیشتەجێبوون.
ئەمەش لەکاتێکدایە، ئامارەکان ئەوە دەردەخەن کە سەنگاپور لە لێواری بوون بە کۆمەڵگەیەکی "زۆر بەتەمەن" دایە، چونکە زیاتر لە 21%ی دانیشتووانەکەی تەمەنیان گەیشتووەتە 65 ساڵ یان زیاتر، بۆیە حکومەت ئەمە وەکو ڕێکارێک دەگرێتەبەر بۆ چارەسەری کەمی ڕێژەی منداڵ.