یادی مەولوودی پێغەمبەر لە مێژووی ئیسلامدا بە چەند قۆناغێکی جیاواز تێپەڕیوە تا گەیشتووەتە شێوازی فەرمی و کۆمەڵایەتیی ئێستای. شاری هەولێر بە یەکێک لە گرنگترین و کاریگەرترین ناوەندەکانی گەشەسەندنی ئەم یادە لە جیهانی ئیسلامیدا دادەنرێت.
سەرچاوە مێژوویی و ئینسایکلۆپیدیاییەکان ئاشکرایان کردووە، نەریتی سازکردنی یادی مەولوود لە سەرەتای سەدەی 13ی زایینیدا، لەسەر دەستی سوڵتان موزەفەرەدین کۆکبۆری، فەرمانڕەوای دەوڵەتی بەگتەکینی لە هەولێر، قۆناغێکی زێڕینی بەخۆوە بینی، بەپێی ئەم سەرچاوانە، کۆکبۆری لە ڕێکخستنی شێوازێکی بێوێنەی ئەم ئاهەنگەدا پێشەنگ بوو، تێیدا سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بەشدارییان دەکرد.
ئەم یادە لە هەولێر تەنها بە کۆبوونەوەی سادە کۆتایی نەدەهات، بەڵکوو فێستیڤاڵێکی مەزنی ئاینی و مرۆیی بوو، خواردنی گشتی، زیکر، سەماعی سۆفیگەری و کاروانی جەماوەریی بە مۆمەوە بەرەو تەکیەکانی لەخۆدەگرت، مێژوونووسی ناوداری هەولێری، ئیبن خەلەکان نووسیویەتی، خەڵکی لە شارەکانی وەک بەغدا و مووسڵەوە بە لێشاو ڕوویان لە هەولێر دەکرد بۆ بەشداربوون لەم یادە بەرز و بێ هاوتایەدا.
سوڵتانی هەولێر لە ساڵی 1207دا، لە قەڵای هەولێر بەشێکی گەورەی ئاهەنگەکەی بۆ خزمەتکردنی هەژاران و دابەشکردنی پارە و جلوبەرگ تەرخان کردبوو، بەمەش ڕەهەندێکی مرۆیی قووڵی بەخشییە بۆنەکە، بەپێی بەڵگە مێژووییەکان، لەم یادانەدا قەبارەیەکی سەرسوڕهێنەر لە خواردن دابەش دەکرا، لەوانەش سەربڕینی 5 هەزار مەڕ، 10 هەزار مریشک و دابەشکردنی 100 هەزار سینی خواردن بەسەر خەڵکدا.
سەرسامیی زانایان بەم نەریتە گەیشتە ڕادەیەک، زانای ئەندەلوسی، ئیبن دەحیە ئەلکەلبی دوای بەشداریکردنی لەم ئاهەنگەی سوڵتانی قەڵای هەولێردا، یەکەمین کتێبی تایبەت بە مەولوودی بە ناونیشانی (التنور فی مولد السراج المنیر) نووسی و پێشکەشی سوڵتان کۆکبۆری کرد.
ئەم شێوازە شکۆدارەی هەولێر دواتر بووە مۆدێلێکی جیهانی بۆ یادکردنەوەی مەولوود و گوازرایەوە بۆ زۆربەی وڵاتانی ئیسلامی، بە تایبەتی لە دەوڵەتی عوسمانیدا بە تەواوی جێگیر کرا، پێچەوانەی تێڕوانینە باوەکان سەبارەت بە دەستپێکردنی یادی مەولوود لە هەولێرەوە، سەرچاوە مێژووییەکان پێشەنگبوونی فاتیمییەکانی میسر لەم ڕێوڕەسمەدا دەسەلمێنن، بەڵام هەولێر وەک یەکەمین شار دەمێنێتەوە ئەم یادەی لە بۆنەیەکی دەربارییەوە گۆڕی بۆ جەژنێکی جەماوەری و گەورەی کۆمەڵایەتی.