سەرۆک بارزانی دەستووری عێراق وەک نەخشەڕێگەیەکی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی تەواوی گرفتە لەئاراداکان دەستنیشان دەکات.

 

ئەمڕۆ لە پیرمام سەرۆک بارزانی پێشوازی لە سەرۆک و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین کرد.

 

لە دیدارەکەدا، شاندی میوان پیرۆزبای 80 ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستانیان کرد و ستایشی ڕۆڵی سەرۆک بارزانی و قوربانیدانی هێزەکانی پێشمەرگەیان کرد لە شه‌ڕی داعش، دابینکردنی سەقامگیری و حەواندنەوەی ئاوارەکان. 

 

هاوکات داوایان کرد، هەماهەنگیی کارگێڕی لەنێوان پارێزگای سەلاحەدین و پارێزگاكانی هەرێمی کوردستاندا هەبێت بۆ سوودوەرگرتن لە ئەزموونی ئاوەدانیی هەرێم.

 

لە بەرامبەردا، سەرۆک بارزانی دەستخۆشی لە کار و هەماهەنگیی نێوان پێکهاتەکانی پارێزگای سەلاحەدین کرد و جەختی لە گرنگیی برایەتی و پێکەوەژیان کردەوە. 

 

لە کۆبوونەوەکەدا. سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە مێژووی خەباتی گەلی کوردستان کرد و ڕایگەیاند، ڕژێمەکانی پێشوو نەیانتوانی ناکۆکییە سیاسییەکان بکەنە کێشەی نێوان پێکهاتەکانی عێراق.