پسوولەی خۆراکی هەولێر ئاگادارییەکی بۆ ئەو هاووڵاتییانە بڵاو کردەوە کە مامەڵەی گواستنەوەیان هەیە.

 

ئه‌مڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی ڕێکخستنی پسوولەی خۆراکی هەولێر بڵاوی كرده‌وه‌، ئەو خێزانانەی دەیانەوێت پسوولەکەیان لە پارێزگایەکەوە بۆ پارێزگایەکی دیکە بگوازنەوە، پێویست ناکات سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بکەن.

 

به‌پێی بڵاو كراوه‌كه‌، له‌مه‌ودوا ئەم مامەڵەیە بە شێوەی دیجیتاڵیی و تەنیا لە ڕێگەی مۆبایلەوە جێبەجێ دەکرێت، هه‌روه‌ها هاووڵاتییان دەتوانن بە بێ ماندووبوون و چاوەڕوانیی، لە ماڵەکانی خۆیانەوە کارەکانیان تەواو بکەن.

 

پسوولەی خۆراکی هەولێر ڕوونیشی كرده‌وه‌، كه‌ پرۆسه‌كه‌ بۆ ئەو خێزانانەی مامەڵەکانیان پەیوەندیی بە ناوچەکانی مادەی 140وە هەیە، وه‌ک پارێزگاکانی کەرکووک، موسڵ، دیالە و سەڵاحەدین ڕێكاره‌كانی جیاوازن.

 

بەڕێوەبەرایەتیی ڕێکخستنی پسوولەی خۆراکی هەولێر ئاشكرای ده‌كات، ئەم خێزانانە نابێت بۆ وەرگرتنی نووسراوی لاری نەبوون (عدم ممانعة) سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بکەن، پێویستە چاوەڕێ بکەن تاوەکو ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی عێراق دەردەچێت.

 

له‌ كۆتاییدا جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ هەر کاتێک ڕەزامەندییەکە دەرچوو، لە ڕێگەی پەیجی فەرمیی خۆیانەوە هاووڵاتییان ئاگادار دەکەنەوە.