دوای ئەوەی ئەمڕۆ هێرشی درۆنی کرایە سەر نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی نیشتەجێبوونی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستنی هەرێمی کوردستان، لەمبارەیەوە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هێرشەکەی بەتووندی ئیدانە کرد و داوای لە حکومەتی عێراقیش کرد، کە ڕێکارێکی بەپەلە بۆ پاراستنی ئەم هێرشانە بگریرێتە بەر. 

 

سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لەوە کردووە، ئێمە ئیدانەی ئەو دەستدرێژییە دەکەین، کە نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شوێنی نیشتەجێبوونی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستنی لە هەرێمی کوردستان کردووەتە ئامانج، ئەمە ڕووداوێکی مەترسیدارە و لەلای ئێمەوە ڕەتکراوە و قبووڵنەکراوە، چونکە ئەم هێرشە دەستدرێژییە بۆ سەر سەروەریی عێراق و ئاسایشی هاووڵاتییان و سەقامگیریی دامەزراوەکانی دەوڵەت.

 

هەر لە راگەیەندراوەکەدا، سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێداگری لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە ئاسایشی هەرێمی کوردستان بەشێکی دانەبڕاو و هەمیشەییە لە ئاسایشی عێراق و بە ئامانجگرتنی هەر بەشێک لە خاکی وڵات، بەرپرسان و دامەزراوە فەرمییەکانی ئەم وڵاتە، بە هیچ شێوەیەک و لەژێر هیچ پاساو و بیانوویەکدا قبووڵکراو نییە.

 

لە بەرانبەر ئەم هێرشانەدا، سەرۆکایەتییەکە داوا لە حکومەتی فیدڕاڵیی عێراق دەکات، کە بە زووترین کات ڕێکارێکی بەپەلە بدۆزنەوە، تاوەکو بەهیچ شێوەیەک و لە هیچ لایەکەوە هێرش نەکرێتە سەر سەروەریی خاکی عێراق و هیچ دامەزراوەیەکی حکومی چ لە عێراق و چ لە هەرێمی کوردستان زیانی بەر نەکەوێت.