نوێنەری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، بەشداریی پرسەی كۆچی دوایی نەوەی سەماحەتی شەهید ئایەتوڵڵا سەید جەعفەر بەحرلعلومی کرد.

 

د. حەمدی شنگالی، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای سۆمۆ، بە نوێنەرایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بەشداریی لە پرسەی كۆچی دوایی خێزان و كچی دكتۆر سەید مەهدی بەحرلعلوم کرد کە دەكاتە نەوەی سەماحەتی ئایەتوڵڵا شەهید سەید جەعفەر بەحرلعلوم، کە بە ڕووداوێكی دڵتەزێنی هاتووچۆ لەگەڵ دایكی هاوسەرەكەی و پوورەكەی گیانیان لەدەستدا.

 

سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی لە ڕێگەی نوێنەرەكەیەوە، پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمیی خۆی و گەلی کوردستانی بە خانەوادەی سەماحەتی شەهید ئایەتوڵڵا سەید جەعفەر گەیاند و هیوای خواست، خودای مەزن گیانی كۆچكردووان بە بەهەشت شاد بکات و ئارامی و دڵنەواییش بە بنەماڵەکەیان ببەخشێت.

خانەوادەی سەماحەتی شەهید ئایەتوڵڵا سەید جەعفەر، سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ هاوخەمیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەربڕیوە و سوپاسی گەلی کوردستانیان کردووە.