ڕاپۆرتنێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری فەلەستین داوای گرتنەبەری ڕێوشوێنی بەپەلە دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە داگیرکارییەکانی ئیسرائیل.
ئەمڕۆ فرانسیسکا ئەلبانیز، ڕاپۆرتنێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە فەلەستین، لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی ئێکس ڕایگەیاند، بڵاوکردنەوەی هێزەکانی پاراستنی نێودەوڵەتی لە کەناری ڕۆژاوا، قودسی ڕۆژهەڵات و کەرتی غەزە، هەروەها کۆتاییهێنان بە داگیرکارییەکانی ئیسرائیل و ڕاگرتنی پێشێلکارییەکان دژی گەلی فەلەستین، پێویستییەکی بەپەلەیە.
ڕاپۆرتنێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە کرد، بەپێی بڕیاری ڕاوێژکاری دادگای دادی نێودەوڵەتی لە تەممووزی 2024، وڵاتانی جیهان پابەندن بە کارکردن بۆ نەهێشتنی ئەم داگیرکارییە نایاساییە و نابێت هاوکاری بەردەوامبوونی بکەن.
ئەلبانیز ڕوونیشی کردەوە، بڕیارەکەی دادگای نێودەوڵەتی ئەرکی یاسایی دەخاتە سەر شانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئەم ئەرکەش تەنها بە لێدوانی سیاسی و سەرکۆنەکردن جێبەجێ ناکرێت، بەڵکو پێویستی بە هەنگاوی کردەیی هەیە.
ئەم داواکارییە لە دوای ئەوە دێت، دوێنێ 23ی ئاب ئیسرائیل دوو هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ناوچەکانی زوەیدە و کەمپی پەنابەرانی نوسەیرات لە ناوەڕاستی غەزە ئەنجام دا، بە تۆمەتی ئەوەی حەماس درۆن، بالۆنی ئاگرین و کۆلارەی بۆ ناو خاکی ئیسرائیل ناردووە.