ئامینە زکری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی هێرشە درۆنییەکەی سەر نووسینگەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانییەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە.

 

دوای ئەوەی هێرشی درۆنی کرایە سەر نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی مانەوەی بەڕێوەبەری دەزگای پاراستنی هەرێمی کوردستان، ئامینە زکری ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاندووە؛ بەئامانج گرتنی ئۆفیسی تایبەتی بەرێز کاک (مەسروور بارزانی) سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن، هەنگاوێکی مەترسیدارە و  هێرشە بۆسەر هەموو تاکێکی کوردستان.

 

ئامینە زکری ئەوەشی ڕاگەیاندووە، کە ئەمە هەوڵێکی تەواو تێکدەرانە و دوژمنکارانەیە و ئەم دەستدرێژیانە هەرەشەی ڕاستەوخۆیە لەسەر دامودەزگا دەستووری و شەرعییەکانی هەرێمی کوردستان و ئاسایشی هەرێمی کوردستان.

 

لە درێژەدا ئاماژەی بەوەشداوە، دەبێت هەموو لایەک ئەوە بزانن كە ئەم هێرشانە ناتوانن ئیرادەی گەلی ئێمە بکوژن، هیچ هەوڵێک بۆ دەستدرێژیکردنە سەر میللەتی ئێمە نە لە ڕابردوو ئامانجی گڵاوی پێکاوە نە لەداهاتووشدا دەتوانێت ئامانج بپێکێت.