وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهۆی پشووی لەدایکبوونی پێغەمبەر (د.خ) گۆڕانکاری لە خشتەی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی کرد.

 

ئەمڕۆ وەزارەتی پەروەردە نووسراوێکی فەرمی ئاڕاستەی گشت بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە کردووە و ڕایگەیاندووه‌، تاقیکردنەوەی ڕۆژی 25ی ئابی 2026 ئەنجام نادرێت. بەپێی بڕیارە نوێیەکە، تاقیکردنەوەی ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی 25ی ئابی 2026 بۆ ڕۆژی شەممە 27ی ئابی 2026 دواخراوە.

 

به‌پێی نووسراوه‌كه‌، تاقیکردنەوەی ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی 27ی ئابی 2026 گواستراوەتەوە بۆ ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی 30ی ئابی 2026. ئەم گۆڕانکارییە هەموو بەشەکانی زانستی، وێژەیی و پیشەیی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و تاقیکردنەوەکانی دیکە بە هەمان ڕیزبەندیی پێشوو بەردەوام دەبن.

 

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، له‌ئێستادا قوتابییانی پۆلی 12 له‌ هه‌رێمی كوردستان سه‌رقاڵی تاقیكردنه‌وه‌كانی كۆڕسی دووه‌من. تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12 گرنگترین قۆناغی خوێندنە لە هەرێمی کوردستان کە داهاتووی قوتابییان بۆ چوونە زانکۆ و پەیمانگاکان دیاری دەکات.