حکومەتی عێراق و گرووپە چەکدارەکان خەریکی تاووتوێکردنی پێشنیازێکی نوێن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ڕادەستکردنی چەکەکان بە شێوەیەک کە جێگەی ڕەزامەندیی هەردوولا بێت.
ئەمڕۆ کەناڵی ئەلحوڕە لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە، هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی مەرجەعێکی وایە کە حکومەت لە جێبەجێکردنی بڕیارەکە تووشی شەرمەزاری نەکات و گرووپەکانیش وەک لایەنی ژێردەستە دەرنەکەون.
ئەلحوڕە ئاشكرای كردووه كه حکومەتی عێراق تاوەکو 30ی ئەیلوولی ئەمساڵی وەک مۆڵەتی کۆتایی بۆ ڕادەستکردنی چەکەکان دیاری کردووە، بەڵام پێشبینی دەکرێت ئەم وادەیە درێژ بکرێتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، تێگەیشتنێک لە نێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و سەرۆکوەزیران دروست بووە کە چەکی گرووپەکان ڕادەستی دەستەی حەشدی شەعبی بکرێت، چونکە حەشد دامەزراوەیەکی فەرمیی دەوڵەتە.
ئەلحوڕە وردهكاریی پێنشارێكی كۆماری ئیسلامی ئێرانی بۆ گرووپهكانی له عێراق خستووهته ڕوو و نووسیویهتی، ئێرانییەکان هانی گرووپەکان دەدەن چەکەکانیان ڕادەستی حکومەت نەکەن و لای خۆیان یان لای حەشدی شهعبی بیپارێزن.
پێشتر عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ بەڵێنی دابوو کە چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت. ئێستا هەوڵ دەدرێت لە ڕێگەی گواستنەوەی چەکەکان بۆ ناو کۆگاکانی حەشدی شەعبی، ئەم بەڵێنە بە جۆرێکی دیکە جێبەجێ بکرێت.