لەمەودوا زیادکردنی پارە بۆ هەژماری یاری و ئەپە ئەلیکترۆنییەکانی منداڵان ڕادەگیرێت تا ئەو کاتەی دایک و باوک ڕەزامەندی دەدەن، بەپێچەوانەوە دوکانداری سەرپێچیکار ڕووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.

 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان ئاگاداریی تەواوی دوکاندار و فرۆشیارانی سنوورەکەی دەکاتەوە، کە لە بواری فرۆشتن و زیادکردنی پارە (باڵانس) بۆ هەژماری یاری و ئەپە ئەلیکترۆنییەکان کار دەکەن.

 

بڕیارەکە تەواوی ئەو یاری و ئەپانە دەگرێتەوە، کە منداڵان و مێردمنداڵان بەکاریان دەهێنن، لەوانە: (Roblox, PUBG, PlayStation, TikTok, Minecraft, Domino)  و سەرجەم خزمەتگوزارییە ئەلیکترۆنییەکانی تر.

 

لەمبارەیەوە عەقید سۆران محەممەد، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ڕاگەیاند، بەهیچ جۆرێک ڕێگە نادرێت هیچ دوکاندارێک بێ ئاگاداری و ڕەزامەندیی ڕاستەوخۆی دایک و باوک یان سەرپەرشتیاری منداڵەکە، هیچ بڕە پارەیەک بۆ هەژمارەکانیان زیاد بکات.

 

گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان هۆشداریی دا، لە کاتی سەلماندنی هەر پێشێلکارییەکدا، بەپێی یاسا مامەڵە لەگەڵ دوکانداری سەرپێچیکاردا دەکرێت.

 

عەقید سۆران محەممەد ئامانجی سەرەکی بڕیارەکە ئاشکرا دەکات و دەڵێت: "بۆ پاراستنی منداڵان، ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی نادروستی پارە و کەمکردنەوەی کێشە کۆمەڵایەتییەکانە لە ناوچەکەدا".