ئەنجوومەنی باڵای فەتوا، دوای وەرگرتنی داواکاری لەلایەن کۆمەڵێک لە مامۆستایانی ئایینی و هاووڵاتییانەوە، بە کۆی دەنگ فەتوای لەسەر شەرعییەتی ئاهەنگی مەولوود دا و وەک کارێکی لەمێژینە و عورفێکی شەرعیی جوان وەسفی کرد.


ئه‌مڕۆ ئەنجوومەنی باڵای فەتوا لە کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە کە ئەنجامدانی ئەم یادە، عورفێکی شەرعیی جوان، کارێکی لەمێژینە، شایستە و بەتەواوی شەرعییە.


ئەنجوومەنەکە بە پشتبەستن بە دەقەکانی قورئانی پیرۆز، فەرموودەکانی پێغەمبەر، ڕای زانایانی سەرجەم مەزهەبە ئیسلامییەکان و مێژووی شارستانیی کوردستان، کە هەولێر تێیدا پایتەختی فەرمیی ئەم ئاهەنگە بووە، جەختی کردەوە کە ناساندنی مەولوود وەک 'بیدعە'، مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر بیروباوەڕی موسڵمانان.


لە بەشێکی دیکەی فەتواکەدا، داوا لە مامۆستایانی ئایینی و سەرجەم موسڵمانان دەکات بەپێی توانا گرنگیی تەواو بە ئاهەنگی مەولوود بدەن لە مزگەوت، ماڵ، و ناوەندە ئەکادیمی و کۆمەڵایەتییەکاندا.


لە کۆتاییدا ئەنجوومەنی باڵای فەتوا هۆشداری دەدات کە پێویستە ئەم مەراسیمانە بەوپەڕی ڕێز و ڕێکوپێکی، لەسەر بنەمای ئەخلاق، بە پارەی حەڵاڵ و دوور لە تێکەڵی ناپێویست و مەرامی سیاسی بەڕێوە بچن، تاوەکو شایستەی مۆری قبووڵکردنی ئیلاهی و شەفاعەتی پێغەمبەر بن.


بڕیارە ڕۆژی سێشەممە ڕێوڕەسمەکانی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە بچێت، کە وەک دیارترین بۆنەی ئایینی و کۆمەڵایەتی تەماشا دەکرێت.