هۆشداری لە ژەهراویبوونی ڕووباری دیجلە دەدرێت و پێنج پارێزگای عێراق لەبەردەم کارەساتێکی گەورەی ژینگەییدان.
ئەمڕۆ ڕوانگەی عێراقی سەوز لە ڕاپۆرتێکی نوێدا بڵاوی کردەوە، ڕووباری دیجلە تووشی ژەهراویبوونێکی تووند بووە کە لە قەیرانی کەمئاوی تێپەڕیوە. ڕاپۆرتەکە ئاشکرای کردووە 500 سەرچاوەی جیاواز بەردەوام پاشماوەی مەترسیدار دەڕژێننە ناو شادەماری ژیانی عێراقەوە.
بەپێی زانیارییەکان، تەنیا لە ناو شاری بەغدا 23 خاڵی پیسبوونی زۆر مەترسیدار هەن کە پاشماوەی نەخۆشخانەکان و ئاوەڕۆی قورس ڕاستەوخۆ دەڕژێننە ناو ڕووبارەکەوە. ڕووباری دیالەش وەک گەورەترین سەرچاوەی گواستنەوەی ژەهرە کیمیاییەکان بۆ ناو دیجلە دیاری کراوە کە وێستگەکان ناتوانن پاکی بکەنەوە.
ئەم پیسبوونە ژینگەییە زیانی ڕاستەوخۆی بە پارێزگاکانی بەغدا، واست، میسان، زیقار و بەسرە گەیاندووە. پارێزگای بەسرە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە چونکە ئاوی ژەهراوی و سوێر ڕاستەوخۆ دەگاتە ناو ماڵەکان و دانیشتووانی پارێزگاکانی دیکەش لەبەردەم هەڕەشەی نەخۆشییە درێژخایەنەکاندان.
ڕووباری دیجلە سەرچاوەی سەرەکیی دابینکردنی ئاوی خواردنەوە و کشتوکاڵە بۆ زیاتر لە 60%ی دانیشتووانی عێراق.