دادگای ڕەسافە لە بەغدا سەرجەم ئەو بڕیار و ڕێکارانەی هەڵوەشاندەوە کە لە لایەن دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراقەوە دژ بە کۆمپانیای کۆڕەک تێلیکۆم دەرکرابوون.

 

ئه‌مڕۆ ئیخڵاس دلێمی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق له‌ لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بڕیارەکەی دادگا تەواوی ئەو سزایانە ڕادەگرێت کە پێشتر دژ بە کۆڕەک گیرابوونە بەر. بەمەش دۆخەکە دەگەڕێتەوە باری ئاسایی و به‌پێی بڕیاره‌ نوێیه‌كه‌ی دادگا سەرجەم بنکە داخراوەکانی کۆمپانیاکە لە بەغدا و شارەکانی دیکە دووبارە ده‌کرێنەوە.

 

ئەم پەرلەمانتارە ڕەخنەی تووندی لە سەرۆکی دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندن گرت و هەڵوێستەکانی بە کەمپەینێک بۆ پشتیوانیکردنی کۆمپانیا ڕکابەرەکان لەسەر حیسابی کۆڕەک وەسف کرد.

 

دلێمی ئاماژەی بەوەش کرد، کۆڕەک پێشتر ئامادەیی بۆ دانەوەی شایستە دارایییەکان نیشان دابوو، بەڵام بڕیارە کتوپڕەکانی دەستەکە دۆخەکەی تێک دابوو.

 

هاوکات سیروان بارزانی، خاوەنی کۆمپانیای کۆڕەک تێلیکۆم ڕایگەیاند، بڕیارەکانی پێشووی سەرۆکی دەستەی گەیاندنی عێراق نایاسایی بوون و ئێستا دادگا ئەو ڕێکارانەی ڕاگرتووە.

 

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، ئه‌مڕۆ دادگای ڕەسافە لە بەغدا بە نووسراوێكی فه‌رمی بڕیاری ڕاگرتنی سەرجەم ڕێکارەکانی دەستەی گەیاندنی عێراقی دژ به‌ کۆمپانیای کۆڕەکی دا.