ئەمریکا کار بۆ دروستکردنی میکانیزمێکی ئاشتیی لە نێوان سووریا، تورکیا و ئیسرائیل دەکات. هه‌روه‌ها باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل هەڕەشەی شەڕی بەرفراوان لە ئێران دەکات.

 

ئه‌مڕۆ مایک هەکابی، باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی ئەلعەرەبییە ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بە جددیی مامەڵە لەگەڵ هەڕەشەکانی ئێران دە کات و بژاردەی سەربازیی دژی تاران هێشتا وەک بژاردەیەکی سەرەکیی لەسەر مێز ماوەتەوە.

 

له‌ به‌شێكی فسه‌كانیدا ئه‌وه‌ی خسته‌ ڕوو، ئەگەری پەرەسەندنی سەربازیی و شەڕی بەرفراوان دژی ئێران کراوەیە و تاران دەبێت تێبگات کە دۆناڵد ترەمپ لە بەکارهێنانی هێزدا جددییە.

 

سەبارەت بە دۆخی سووریا، هەکابی ئاماژەی بەوە کرد کە هەوڵەکان بەردەوامن بۆ دروستکردنی میکانیزمێکی هاوبەش لە نێوان سووریا و ئیسرائیل و تورکیا، بە ئامانجی کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و چارەسەرکردنی گرژییەکانی نێوان ئەو سێ لایەنە.

 

دەربارەی کەرتی غەززەش، باڵیۆزی ئەمریکا جەختی کردەوە کە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی غەززە دەست پێ ناکات تا ئەو کاتەی بزووتنەوەی حەماس خاوەنی مووشەک بێت، چونکە بە گوتەی ئەو حەماس تا ئێستا دەستبەرداری هیچ چەکێکی خۆی نەبووە.

 

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، مایک هەکابی جەختی لە مافی ئیسرائیل کردەوە بۆ بەرگریکردن لە خۆی بەرانبەر بە هەڕەشەکان.