ڕووسیا و ئۆکرانیا پرۆسەیەکی نوێی ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکانی شەڕیان ئەنجام دا و زیاتر لە 90 سەرباز لە لایەن هەردوولاوە ئازاد کران.

 

ئەمڕۆ وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا بڵاوی کردەوە، بە نێوەندگیریی دەوڵەتی ئیمارات، 103 سەربازی ڕووسی گەڕێندراونەتەوە و لە بەرامبەردا 103 دیلی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا ڕادەست کراونەتەوە؛ بەپێی بەیاننامەکە، سەربازە ئازادکراوە ڕووسەکان ئێستا لە بێلاڕووسن بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی و دەروونی، پاشان دەگوازرێنەوە بۆ نێو خاکی ڕووسیا.

 

پرۆسەی ئاڵوگۆڕی دەستبەسەرکراوەکان لە دوای وەرزی زستانەوە چڕی بەخۆیەوە بینیوە و تاوەکو ئێستا چەندین پرۆسەی هاوشێوە ئەنجام دراون، لەم چوارچێوەیەشدا سەدان سەرباز لە هەردوولا گەڕێنراونەتەوە خێزانەکانیان، ئەم بابەتە بە تاکە ئەنجامی  بەرجەستەی دانوستانە دووقۆڵییەکانی نێوان مۆسکۆ و کیێڤ دادەنرێت.

 

سەرچاوە فەرمییەکانی کیێڤ ئاماژە بەوە دەکەن، زیاتر لە 15 هەزار هاووڵاتیی مەدەنیی ئۆکرانی لە ناوخۆی زیندانەکانی ڕووسیادا دەستبەسەرن، هاوکات لە سەرەتای ئەمساڵدا ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاندبوو، نزیکەی 7 هەزار سەربازی وڵاتەکەی هێشتا لە زیندانەکانی ڕووسیادا ماونەتەوە.