بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی پرۆسەی عومڕە بۆ ساڵی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومڕەی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی نوێی ئاڕاستەی کۆمپانیاکانی بواری عومرە کرد.
ئەمڕۆ کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی کوردستان بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، ئەو کۆمپانیایانەی لە ساڵی 2025 گرێبەستیان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکەیاندا کردووە، بەردەوام دەبن لەسەر ئەنجامدانی کارەکانیان تا ئەو کاتەی ڕێنمایی نوێ دەردەچێت.
لەبارەی کۆمپانیا نوێیەکانەوە، گوتەبێژی حەج و عومرە ڕوونی کردەوە، ئەو کۆمپانیایانەی لە ساڵی 2025 گرێبەستیان نەکردووە یان تازە دامەزراون و مۆڵەتی کارکردنیان وەرگرتووە، بەپێی مەرج و ڕێنماییەکانی ساڵی 2025 گرێبەستی کاتییان لەگەڵدا دەکرێت تا دەرچوونی ڕێنمایی نوێ.
کاروان ستوونی ئاماژەی بەوەش کردووە، جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە نوێیانە لە دەستپێکی ڕاگەیاندنیانەوە لە 19ی ئابی 2026 دەست پێدەکات.