ئەمریکا پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێی گرتنەبەری ڕێکاری نوێ دژ بە ئێران و ئێرانیش هەڕەشەی بەئامانجگرتنی وڵاتانی کەنداو دەکات.
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە ئەمریکا پێ دەنێتە ڕۆژی 'دی دەی ئیکۆنۆمیک' لە دژی ئێران، ئەمەش لەچوارچێەوەی هەوڵەکانی کابینەی حکومەت بۆ هەڵوەشاندنەوەی توانا سەربازیی و ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران.
سکۆت بێسێنت دەڵێت: "پێ دەنێینە یاری کۆتایی، بەرەبەیانی ئەمڕۆ گەورەترین هێرشی دارایی لە مێژوودا بۆ سەر ئێران دەستپێدەکات، بە ئامانجی بڕینی هەموو ئەو سەرچاوە ئابوورییانەی کە ڕێژیمی تاران دەهێڵنەوە."
بەگوتەی وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، ئەوان لە ژێر فەرمانی ڕاستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی وڵاتەکە هەموو ڕێکارێک دژ بە ئێران دەگرنە بەر، تا وڵاتەکە بە تەواوی لە بازاڕی ئابووری جیهان داببڕن و بەتەنها بیهێڵنەوە.
لەبەرامبەردا، ڕۆژی شەممەی ڕابردوو، موحسین رەزایی، سکرتێری نوێی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، بەڵێنیدا ئەگەر وڵاتە دەوڵەمەندەکانی دراوسێ بەشداری لە هەوڵەکانی ئەمریکادا بکەن بۆ زیاتر گەمارۆدانی ئابووری ئێران، ئەوا بەرژەوەندییەکانیان دەکەنە ئامانج.
سکۆت بێسێنت وەڵامی هەڕەشەکانی ئێرانی داوەتەوە و جەخت دەکاتەوە، لە بەرامبەر هەر جۆرە هێرشێکی سەربازی دژی هێزەکانی ئەمریکا یان وڵاتانی کەنداو، ڕووبەڕووی وەڵامێکی خێرا و توندی ترەمپ دەبنەوە و تاران باجێکی قورسی هێرشەکانی دەداتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، ئەمڕۆ بەهای تمەن نزمترین ئاستی لە مێژوودا تۆمار کرد و نرخی یەک دۆلاری ئەمریکی لە بازاڕی ئازادی ئێران گەیشتە زیاتر لە 200 هەزار تمەن، واتە لە دوێنێوە نرخی هەر دۆلارێک 8 هەزار تمەن بەرزبووەتەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ بەردەوامی داڕمان و قووڵتربوونەوەی قەیرانی ئابووری لە وڵاتەکە.