نەخۆشخانەی فێرکاریی ڕزگاری چەند بەشێکی نوێی ڕاوێژکاری بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان و دابینکردنی چارەسەری هەمەجۆر کردەوە.

 

ئەمڕۆ ڕاگەیاندنی نەخۆشخانەی فێرکاریی ڕزگاری بڵاوی کردەوە، بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان و دابینکردنی چارەسەری هەمەجۆر، 4 بەشی نوێی ڕاوێژکاریی کردەوە؛ هەروەها سیستەمی ئەلیکترۆنیی نۆرەگرتن لە هۆڵە جیاوازەکاندا پەیڕەو کرا.

 

بەشە نوێیەکان لەمڕۆوە بە فەرمی پێشوازی لە نەخۆشەکان دەکەن؛ ئەمانەش بریتین لە بەشەکانی ڕاوێژکاریی قەڵەوی و میتابۆلیزم، چارەسەری نەخۆشییەکانی پەرکەم، لەگەڵ بەشی تایبەت بە دابەشکردنی دەرمانە بایۆلۆژییەکان، کردنەوەی ئەم بەشانە کارئاسانییەکی گەورە بۆ ئەو هاووڵاتییانە دەکات کە پێویستیان بە چارەسەری تایبەت هەیە.

 

نەخۆشخانەکە لە ڕێگەی گۆڕینی سیستەمی پێشوازی و نۆرەگرتن بۆ شێوازی ئەلیکترۆنی، هەوڵی داوە کاتی چاوەڕوانیی نەخۆشەکان کەم بکاتەوە؛ ئەم گۆڕانکارییانەش لە چوارچێوەی پڕۆژەی پەرەپێدانی بەردەوامی کەرتی تەندروستیی گشتیدا جێبەجێ دەکرێن.

 

نەخۆشخانەی فێرکاریی ڕزگاری یەکێکە لە گەورەترین و گرنگترین نەخۆشخانە فێرکارییە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان و سەنتەرێکی سەرەکییە بۆ پزیشکیی پسپۆڕی و وەرگرتنی نەخۆش لە هەولێر و شارەکانی دەوروبەری، نەخۆشخانەکە لە ساڵی 1984 کرایەوە و لە سەرەتادا کۆمپانیایەکی ژاپۆنی دروستی کردووە.