تیمەکانی پووچەڵکردنەوەی تەقەمەنی لە هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی پاسەوانی سنوور، سەرکەوتوو بوون لە پووچەڵکردنەوەی دوو بۆمبی چێنراو لە سنووری قەزای باتیفا.

ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مینی دهۆک ڕایگەیاند، دوای ئاگادارکردنەوەیان لە ڕێگەی هێڵی گەرمی 182 سەبارەت بە بوونی چەند تەقەمەنییەکی گومانلێکراو لە گوندی پەرەخی سەر بە قەزای باتیفا لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، تیمەکانی لەناوبردنی تەقەمەنی (EOD) دەستبەجێ گەیشتنە شوێنەکە.

بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مینی دهۆک، تیمەکان لەگەڵ پاسەوانانی سنوور توانیان دوو بۆمبی چێنراو بە سەلامەتی پووچەڵ بکەنەوە و پاشماوەکانیشیان بۆ ئەوەی زیان بە کەس نەگەیەنێت، بۆ شوێنێکی تایبەت گوازرانەوە.

بەڕێوەبەرایەتیی مینی دهۆک داوا لە سەرجەم هاووڵاتییان و گەشتیاران دەکات لە کاتی بینینی هەر تەنێکی گومانلێکراو یان تەقەمەنی، بۆ پاراستنی گیانی خۆیان و دەوروبەریان، پەیوەندی بە هێڵی گەرمی بێبەرامبەری 182 بکەن و دوور بن لە نزیکبوونەوە یان دەستکاریکردنیان.

گوندی پەرەخ لە سنووری قەزای باتیفایە سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، یەکێکە لە ناوچە گەشتیارییە سەرنجڕاکێشەکان، بەڵام بەهۆی ململانێ سەربازییەکانی ناوچە سنوورییەکان، ناوە ناوە مەترسیی بوونی پاشماوەی جەنگی و تەقەمەنی لێ دەکرێت.