سەرۆکی پەرلەمانی ئێران گەیشتە بەغدا و بە مەبەستی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات، لەگەڵ سەرکردایەتییە باڵاکانی عێراق کۆدەبێتەوە.

ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی عێراق (واع) بڵاوی کردەوە، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵا گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و لەلایەن عەدنان فەیحان، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان و بەرپرسانی باڵاوە پێشوازیی لێ کرا.

بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، قالیباف بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک لە عێراق دەمێنێتەوە و بە مەبەستی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ عێراق، لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و بەرپرسە باڵاکانی عێراق کۆدەبێتەوە؛ لەم کۆبوونەوانەدا وا بڕیارە تاوتوێی بابەتەکانی چەکدانانی گرووپە چەکدارەکان و ئاسایشی سنوورەکان بکرێت، لەگەڵ واژووکردنی چەند ڕێککەوتننامەیەک.

لە دوای پێشوازیکردنەکە، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە شوێنی کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس، وتارێکی بۆ میدیاکان پێشکەش کرد و گوتی: "وڵاتانی ئیسلامی دەبێت پەیوەندییەکی ئەمنی و ئابووریی قووڵیان هەبێت، ئێرانیش بەبێ دەستوەردانی بیانی، دەیەوێت پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی لەگەڵ سەرجەم وڵاتاندا فراوانتر بکات، هاوکات درێژە بە پەیوەندییە دێرینەکانی نێوان ئێران و عێراقیش دەدەین".

لە بەرامبەردا عەدنان فەیحان، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی: "پەیوەندیی بەغدا لەگەڵ تاران مێژووییە و چەندین خاڵی هاوبەشمان هەیە، بۆیە بۆ داهاتووش لەسەر هەمان ڕێچکە بۆ زیاتر گەشەپێدانی ئەو پەیوەندییانە کار دەکەین، بە جۆرێک کە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات بکات".

قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس دوو کەسایەتیی دیاری سەربازی و ئەمنی بوون کە ڕۆڵێکی بەرچاویان لە شەڕی دژی داعش و پشتیوانیکردنی هێزە هاوپەیمانەکانی ئێران لە عێراق و ناوچەکەدا هەبوو، هەردووکیان لە 3ی کانوونی دووەمی 2020 لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکادا لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کوژران، ڕووداوێک کە بووە هۆی تووندبوونەوەی ئاڵۆزییەکانی نێوان واشنگتۆن و تاران.