بەپێی نوێترین ئامارەکان، حاڵەتەکانی جیابوونەوە لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی مەترسیدار ڕووی لە زۆربوون کردووە
کۆمەڵگەی عێراقی و هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی هەڵکشانێکی بەرچاو لە ڕێژەی هاوسەرگیری و لە هەمان کاتدا زیادبوونی ئامارەکانی جیابوونەوە (تەڵاق) دەبنەوە، بەپێی دوایین ئامارە فەرمییەکان، هەڵوەشاندنەوەی خێزانەکان لەسەر ئاستی سەرانسەری عێراق و پارێزگاکانی هەرێم گەیشتووەتە ئاستێکی بەرز.
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی دادوەریی باڵای عێراق ئاماری فەرمیی ژمارەی هاوسەرگیرییەکان و حاڵەتەکانی جیابوونەوەکان بۆ مانگی تەممووزی 2026 بڵاو کردەوە، بەپێی ئامارەکانی ئەنجوومەنی دادوەریی باڵای عێراق، لەم مانگەدا 18 هەزار و 351 حاڵەتی هاوسەرگیری لەسەرانسەری عێراقدا تۆمار کراوە، لە بەرامبەردا 6 هەزار و 352 حاڵەتی تەڵاق لە دادگاکاندا تۆمار کراوە.
لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراقدا، دادگاکانی بەغداد لە ڕەسافە بە هەزار و 407 حاڵەت و کەرخیش بە هەزار و 213 حاڵەت زۆرترین ڕێژەی جیابوونەوەیان لە مانگی تەممووزدا تۆمار کردووە، پارێزگاکانی بەسرە بە 620 حاڵەت و نەینەواش بە 590 حاڵەتی جیابوونەوە لە پلەکانی دواتردا دێن، ئەمەش دەرخەری بەردەوامیی کێشەی تەڵاقە لە ناو کۆمەڵگەی عێراقیدا.
لە هەرێمی کوردستان، بەپێی ئامارەکانی ئەنجوومەنی دادوەری کوردستان بۆ ساڵی 2025، ژمارەی هاوسەرگیری لە هەرێم گەیشتووەتە زیاتر لە 61 هەزار حاڵەت، بەراورد بە ساڵی پێشتر 10 هەزار حاڵەت زیادی کردووە.
لە بەرامبەردا پڕۆسەی جیابوونەوەش لە کوردستان ڕووی لە زیادبوون کردووە و لە ساڵی 2025دا کۆی گشتی گەیشتووەتە 15 هەزار و 826 حاڵەت، پارێزگای هەولێریش بە 7 هەزار 133 حاڵەتی جیابوونەوە لە پلەی یەکەمی پارێزگاکانی هەرێمدایە و لە بەرامبەردا تەنیا لە پارێزگای سلێمانی ڕێژەی جیابوونەوە کەمبوونەوەی بەخۆوە بینیوە.