کۆڕبەندی چەپی کوردستان بە تووندی ئیدانەی هێرشە درۆنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بۆ سەر نووسینگەی سهرۆكوهزیران مەسرور بارزانی کرد و داوای یەکڕیزیی گەلی کورد دەکات. ئەم کۆڕبەندە هێرشەکان بە هەوڵێک بۆ سەپاندنی هەژموونی ئێران و تێکدانی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان وەسف دەکات.
ئەمڕۆ کۆڕبەندی چەپی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم دەستدرێژییانە درێژکراوەی زنجیرەیەک پەلامارن بۆ سەر دەستکەوتە مێژووییەکانی هەرێمی کوردستان.
کۆڕبەندی چەپ داوا لە جەماوەری گەلی كورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان دەکات بە یەکڕیزی بەرگری لە ئەزموونی هەرێمی کوردستان بکەن. هەروەها داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەوروپا دەکات کۆتایی بە بێدەنگی بهێنن و هەڵوێستێکی تووند بەرامبەر ئەم پێشێلکارییانەی ئێران بگرنە بەر.
ئهمه لهكاتێكدایه، بهپێی دژهتیرۆری كوردستان لە 17ی ئابی 2026 بارەگای نووسینگەی تایبەتی مەسرور بارزانی و شوێنی نیشتەجێبوونی بەڕێوەبەری دەزگای پاراستن و ئاسایش لەلایەن ئێرانەوە کرانە ئامانج.
دهقی ڕاگهیهندراوی کۆڕبەندی چەپی کوردستان
بە پشتبەستن بەو زانیارییە فەرمییانەی لەلایەن دەزگا ئەمنییە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستانەوە بڵاو کراونەتەوە، کە پشتڕاستی دەکەنەوە لە (17ی ئابی 2026)دا، بارەگای نووسینگەی تایبەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شوێنی نیشتەجێبوونی بەڕێوەبەری دەزگای ئاسایش لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە کراونەتە ئامانج.
ئێمە لە کۆڕبەندی چەپی کوردستان، بە توندی ئیدانە و شەرمەزارکردنی ئەم دەستدرێژییە ئاشکرایەی ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەین. ئەم هێرشە ڕووداوێکی دابڕاو نییە، بەڵکو درێژکراوەی زنجیرەیەک پەلامارە کە باشووری کوردستان دەکاتە ئامانج و بووەتە هۆی شەهیدبوونی دەیان پێشمەرگە و هاووڵاتیی مەدەنی.
ئەم پەلامارە دووبارەبووانە، سەرەڕای ئەوەی هەرێمی کوردستان هەڵوێستی فەرمیی خۆی بە بێلایەنی لەم جەنگەدا ڕاگەیاندووە، بە ڕوونی ئەوە دەردەخات کە ڕژێمی ئێران لە دەستکەوتە مێژووییەکانی گەلەکەمان لە هەرێمی کوردستان نیگەرانە و ئەمە هەوڵێکی ترسنۆکانەیە بۆ سەپاندنی هەژموون و نفوزی خۆی لە هەرێمی کوردستان لەسەر حیسابی سەقامگیریی ناوچەکە.
ئێمە داوا لە سەرجەم جەماوەری گەلەکەمان لە هەر چوار پارچەی کوردستان و لە دەرەوەی وڵات دەکەین، بە یەکڕیزی بەرگری لە ئەزموونی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانی بکەن و پاراستنی ئەم ئەزموونە و سەقامگیرییەکەی بە بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی و نیشتمانیی هاوبەش دەزانین کە دەکەوێتە ئەستۆی هەمووان.
هەروەها هەموو جۆرە دەستدرێژی و تیرۆرێک ڕەت دەکەینەوە و جەخت لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕی خۆمان دەکەینەوە بۆ چارەسەرکردنی هەموو ناکۆکی و قەیرانەکانی ناوچەکە لە ڕێگەی ئاشتییانە و دیالۆگی گشتگیرەوە، بە جۆرێک مافی گەلان و سەقامگیرییان مسۆگەر بکات.
داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەورووپا و سەرجەم دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین، کۆتایی بە بێدەنگیی خۆیان بهێنن و هەڵوێستێکی ڕوون و توند بگرنە بەر بۆ ئیدانەکردنی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ڕاگرتنی دەستبەجێی ئەم پێشێلکارییانەی کە ئاسایش و ئاشتیی ناوچەکە دەخەنە بەردەم مەترسییەوە.
کۆڕبەندی چەپی کوردستان
18/8/2026