قەتەر سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ماڵی سەرۆکی دەزگای ئاسایش و هەواڵگری کرد و ئەم هێرشانەی وەک پێشێلکردنێکی ئاشکرای سەروەریی خاکی عێراق، هەرێمی کوردستان و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان ناو برد.

 

ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا بڵاوی کردەوە، دەوڵەتی قەتەر هێرشکردنە سەر نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ماڵی سەرۆکی دەزگای ئاسایش و هەواڵگری لە پیرمام سەرکۆنە دەکات و ئەم کارانە وەک پێشێلکارییەکی دەستدرێژکارانەی سەروەریی عێراق و هەرێمی کوردستان و دژایەتیکردنێکی ئاشکرای ڕێساکانی یاسای نێودەوڵەتی ناو دەبات.

 

وەزارەتی دەرەوەی قەتەر جەختی لە پێویستی دوورخستنەوەی ناوچەکە لە دەرهاوێشتەکانی هێرشە بێ پاساوەکان کردەوە و داوای بەردەوامبوونی گفتوگۆ و دیپلۆماسی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان کرد، دەوحەی پایتەختی وڵاتەکە هاوسۆزی تەواو و پاڵپشتی خۆی بۆ هەموو ئەو ڕێکارانە دووپات کردەوە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەروەری لەلایەن عێراق و هەرێمی کوردستانەوە دەگیرێنەبەر.

 

ئەم بڵاوکراوەیە لە کاتێکدایە، دوێنێ نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی مانەوەی سەرۆکی دەزگای پاراستن لە پیرمام بە دوو درۆنی جۆری حەدید 110 لە سنووری ئێرانەوە ئاڕاستە کرابوون.