شانشینی ئوردن ئیدانەی هێرشەکانی سەر نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بارەگای بەڕێوەبەری دەزگای ئاسایشی هەرێمی کرد و پاڵپشتی تەواوی خۆی بۆ سەقامگیری و یەکپارچەیی خاکی عێراق دووپات کردەوە.

 

ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوە و کاروباری کۆچبەرانی ئوردن لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ڕایگەیاند، پاشایەتی ئوردن هێرشە دڕندانەکانی سەر نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بارەگای بەڕێوەبەری دەزگای ئاسایشی هەرێم  ئیدانە دەکات، لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم جۆرە هێرشانە پێشێلکارییەکی مەترسیداری سەروەری، ئاسایش و سەقامگیریی کۆماری عێراقە.

 

وەزارەتی دەرەوەی ئوردن جەختی لە هاوسۆزیی تەواوی شانشین لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە ئەمنییەکان، عەمان پاڵپشتی خۆی بۆ هەموو ئەو ڕێکارانە دووپات کردەوە بۆ پاراستنی سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان دەگیرێنەبەر.

 

ئەم بەیاننامەیە لە کاتێکدایە، دوێنی دەزگای دژەتیرۆری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پیرمام بە دوو درۆنی جۆری حەدید 110 لە سنووری ئێرانەوە هیڕش کراوەتە سەر نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شوێنی مانەوەی سەرۆکی دەزگای پاراستن.