سعودیە بە توندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی کرد، ئەم هێرشانەی وەک پێشێلکردنێکی ئاشکرای سەروەریی خاکی عێراق و تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە ناو برد.

ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی سعودیە لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ڕایگەیاند، پاشایەتی سعودیە بە توندترین دەربڕینەکان سەرکۆنەی هێرشە دڕندانەکانی سەر نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکات و ئەم هێرشە بە پێشێلکارییەکی دەستدرێژکارانە لەسەر سەروەری و یەکپارچەیی خاکی کۆماری عێراق هەژمار دەکات.

وەزارەتی دەرەوەی سعودیە ڕەتکردنەوەی تەواوی خۆی بۆ هەموو جۆرە کارێکی دوژمنکارانە دەربڕی بۆ سەر کەسایەتییە سیاسییەکان و دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتی عێراق. ڕیازی پایتەختی وڵاتەکە جەختی لەوە کردەوە، هەر جۆرە دەستوەردانێک لە کاروباری ناوخۆی وڵاتان و پێشێلکردنی بنەماکانی دراوسێیەتی باش و یاسا نێودەوڵەتییەکان بە تەواوی ڕەتکراوەیە.

ئەم بەیاننامەیە لە کاتێکدایە، لە 17ی ئابی 2026دا دەزگای دژەتیرۆری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی مانەوەی سەرۆکی دەزگای پاراستن لە پیرمام بە دوو درۆنی جۆری حەدید 110 لە سنووری ئێرانەوە ئاڕاستە کرابوون.