پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی مانگی حەوت بە شێوەی دیجیتاڵیی لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەستی پێکرد و زیاتر لە 922 هەزار کەس سوودمەند دەبن. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی ستراتیژیی حکومەتە بۆ کەمکردنەوەی مامەڵەی کاش و بەدیجیتاڵکردنی تەواوی سیستەمی مووچە.

 

ئەمڕۆ تیمی هەژماری من لە ڕاگەیێنراوێکدا فەرمانبەرانی ئاگادار کردەوە کە تەنیا دوای گەیشتنی کورتەنامەی مۆبایل سەردانی ئامێرەکانی ATM بکەن. تیمی پڕۆژەکە داوای لە مووچەخۆران کرد بۆ ڕێگری لە قەرەباڵغی، پێشوەختە نەچنە بەردەم ئامێرەکان.

 

لە ئێستادا 710 ئامێری ATM لە 200 شوێنی جیاواز بۆ ڕاکێشانی مووچە تەرخان کراون و تیمەکان سەرقاڵی پڕکردنەوەی ئامێرەکانن. بەپێی ئامارەکان، زۆرترین ڕێژەی مووچەخۆران لە هەولێرن کە 395 هەزار کەسە و دواتر سلێمانی بە 314 هەزار کەس دێت.

 

پڕۆژەی هەژماری منی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تا ئێستا 950 هەزار کەس تێیدا تۆمار کراون. ئەم پڕۆژەیە خزمەتگوزاریی بانکیی بۆ فەرمانبەرانی مەدەنی، پێشمەرگە، ئاسایش، خانەنشینان و خێزانی شەهیدان دابین دەکات.