پسپۆڕێکی ڕووسی نەخۆشییەکانی دەمار، کاریگەرییە نەرێنییەکانی بۆنی ڕووەکە سروشتییەکان لەسەر مێشک و چۆنیەتی خۆپاراستن لێیان ڕوون دەکاتەوە.
ئەمڕۆ ڕۆژنامەی ئازڤێستیای ڕووسی بڵاوی کردەوە، دکتۆر گالینا چودینسکایا، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دەمار ڕایگەیاندووە، بۆنی بەهێزی ڕووەکەکان دەبێتە هۆی توندکردنەوەی نیشانەکانی شەقیقە یان سەرهەڵدانی ژانەسەر لەو کەسانەی ئامادەیی تووشبوونیان هەیە.
بە وتەی چودینسکایا، ڕۆنە عەترییەکان لە بارودۆخی ئاساییدا مەترسیدار نین، بەڵام بۆنی بەهێز دەبێتە هۆی چالاککردنی وەرگرەکانی کۆئەندامی بۆنکردن و دەماری سێییەم (تڕایگێمیناڵ) کە بەرپرسیارە لە هەستکردن بە ئازار.
چەندین ڕووەکی ناسراوی وەک لاڤاندەر، یاسەمین، گوڵەباخ، بەیبوون و سنۆبەر بە تایبەت لە کەشی گەرمدا دەبنە هۆی خێرا هەڵمیبوونی ماددە عەترییەکان و دروستکردنی ژانەسەر لە مرۆڤدا، مانەوەی زۆر لە شوێنە داخراوەکاندا بەهۆی بەرزی چڕی بۆن تێیدا، تەنانەت دەبێتە هۆی گێژخواردن و ژانەسەر لەو کەسانەشدا کە پێشتر ئەم کێشەیەیان نەبووە.
ئەم پسپۆڕە ئاماژە بەوە دەکات، ئازاری شەقیقە زیاتر لە یەک لای سەردا چڕ دەبێتەوە و لەگەڵ چالاکی جەستەیی زۆرتر دەبێت، هاوکات دڵتێکەڵهاتن و هەستیاری بە ڕووناکی و دەنگی لەگەڵدایە؛ لە کاتێکدا ژانەسەری گرژی لە هەردوو لای سەر بە شێوەی پەستان دروست دەبێت، بۆ ڕێگریکردن لەم ئازارە، پێویستە تووشبووان یەکسەر لەو شوێنە دوور بکەونەوە و بچنە ناوچەیەکی سارد و باش هەواگۆڕکێ کراو، هەروەها ئاو بخۆنەوە و پشوو بدەن.
شەقیقە یەکێکە لە نەخۆشییە دەمارییە بەربڵاوەکان لە جیهاندا و کار دەکاتە سەر ژیانی ڕۆژانەی ملیۆنان مرۆڤ، پزیشکان هەمیشە ئامۆژگاری تووشبووان دەکەن بە دوورکەوتنەوە لە هاندەرە هەستیارییەکان و بەکارهێنانی دەرمانە دیاریکراوەکان.