توێژینەوەیەکی نوێی زانستی تێڕوانینی باو لەسەر بەکاربردنی بەرهەمە شیره‌مه‌نییه‌ پڕچەورییەکان دەگۆڕێت و سوودە تەندروستییەکانیان بۆ جەستەی مرۆڤ ئاشکرا دەکات.

 

ئەمڕۆ ماڵپەڕی ساینس دەیلی بڵاوی کردەوە، توێژەرانی زانکۆی تۆرۆنتۆ لە کەنەدا بە سەرپەرشتی هارڤی ئەندرسۆن، پرۆفیسۆری زانستی خۆراک و فیزیۆلۆژیا ئاشکرایان کردووە، خواردنی بەرهەمە شیره‌مه‌نییه‌ پڕچەورییەکان بە تەواوی بێ کێشەیە و کاردانەوەی نەرێنی لەسەر تەندروستی دروست ناکات.

 

بەپێی زانیارییەکانی توێژینەوەکە، بۆ ماوەی 12 هەفتە چاودێریی 74 کەسی کێش زیادە کراو، ئەنجامەکان دەریانخستووە خواردنی ڕۆژانەی 3 بەش لەم بەرهەمانە نابێتە هۆی قەڵەوی یان تێکچوونی ئاستی ئەنسۆلین و کۆلیسترۆڵ لە جەستەی مرۆڤدا.

 

بەشداربووانی توێژینەوەکە نەک هەر کێشیان زیاد نەکردووە، بەڵکوو پەستانی خوێن و بەدەستهێنانی کالیسیۆم، پرۆتین و ڤیتامین دالیان بە شێوەیەکی بەرچاو باشتر بووە، زاناکان ئەم دیاردەیە بۆ بیردۆزی 'ماتریسی بەرهەمە شیرییەکان' دەگێڕنەوە؛ پێکهاتەی فیزیایی شیر وا دەکات چەوری و پرۆتینەکان بە هێواشی بتوێنەوە و زیانیان بۆ دڵ و بۆرییەکانی خوێن نەبێت.

 

ساڵانێکی زۆرە ڕێنوێنییە خۆراکییەکان لە وڵاتانی جۆراوجۆر هانی هاووڵاتیان دەدەن بۆ ئەوەی بەرهەمە شیره‌مه‌نییه‌ بێچەورییەکان یان کەمچەورییەکان هەڵبژێرن؛ ئەمەش بەهۆی ترسی بەرزبوونەوەی کۆلیسترۆڵ و نەخۆشییەکانی دڵ لە مرۆڤدا.

 

بەرهەمە شیره‌مه‌نییه‌ پڕچەورییەکان وەک کەرە، سەرشیر، پەنیر و ماستی پڕچەوری، سەرچاوەیەکی گرنگی وزە، پرۆتین، کالیسیۆم و هەندێک ڤیتامینی تواوە لە چەوریدا وەک A و Dـن. ئەم جۆرە بەرهەمانە لە زۆر وڵاتدا بەشێکی سەرەکی لە خۆراکی ڕۆژانە پێکدەهێنن.