زیاتر لە 30 وڵاتی جیهان لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ناڕەزایەتی بەرامبەر سزای لەسێدارەدان لە ئێران دەردەبڕن و سەرکۆنەی دەکەن.

ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس ڕایگەیاند، 32 وڵات لەوانە فەڕەنسا، بەریتانیا، کەنەدا و ئیتالیا لەگەڵ بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا، بەیاننامەیەکی هاوبەشیان دژی سزای لەسێدارەدان لە ئێران واژۆ کردووە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان بۆ ترساندنی کۆمەڵگە و بێدەنگکردنی ناڕەزایەتییەکان بە هیچ شێوەیەک پاساوی یاسایی نییە، فەڕەنسا ڕایگەیاندووە، کە گەلی ئێران دەبێت بەبێ ترس مافی دەربڕینی ڕای خۆیان هەبێت.


عەباس عێراقچ، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس وڵامی ئەم ڕەخنانەی دایەوە و فەڕەنسای بە دووڕوویی تۆمەتبار کرد، عێراقچی دەڵێت: "پاڵپشتیی وڵاتانی ڕۆژاوا بۆ ئیسرائیل لە جەنگی غەزە، هیچ شەرعیەتێکی ئەخڵاقی بۆ ڕەخنەگرتن لە مافەکانی مرۆڤ نەهێشتووەتەوە."


ساڵی ڕابردوو بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، ئێران زیاتر لە 2,150 کەسی لەسێدارەداوە و بەمەش دوای چین زۆرترین سزای لەسێدارەدانی لەسەر ئاستی جیهان جێبەجێ کردووە، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشتری لە ناوەڕاستی مانگی ئازارەوە ئاشکرای کردبوو، کە لە ئێران لایەنی کەم 56 کەس بە تۆمەتی پێشێلکردنی ئاسایشی نیشتمانی لەسێدارەدراون.