دادگای تاوانەکانی دیمەشق سزای لەسێدارەدانی غیابی بۆ بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی ڕژێمی سووریا بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و کوشتنی بەئەنقەستی منداڵان دەرکرد.
ئەمڕۆ میدیاكانی سووریا وردەکاریی بڕیارەکەی دادگای تاوانەکانی دیمەشقیان بڵاو کردەوە کە تێیدا مەلەفی تاوانە قورسەکانی ڕژێمی پێشوو یەکلا کراوەتەوە. ئەم بڕیارە مێژووییە هەریەک لە ماهیر ئەسەدی برای بەشار ئەسەد و عاتف نەجیبی کوڕی پووری و بەرپرسی پێشووی ئەمنیش دەگریتەوە.
بەپێی بڕیارەکەی دادوەر ئەلعریان، بەشار ئەسەد بە کوشتنی بەئەنقەستی زیاتر لە کەسێک، ئەشکەنجەدانی سیستماتیک و ئەنجامدانی تاوان دژی مرۆڤایەتی مەحکووم کراوە. دادگا ئەوەی خستە ڕوو کە ئەسەد دەزگاکانی دەوڵەتی بۆ کوشتنی منداڵان و دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکیی هاووڵاتییان لە کاتی جەنگی ناوخۆدا بەکار هێناوە.
لەبارەی عاتف نەجیبەوە، دادوەری دادگای تاوانەکانی دیمەشق بڕیاری دا بە هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم پارێزبەندییە یاسایییەکان لە کەیسەکەیدا. دادوەرەکە جەختی کردەوە کە سەرجەم ئەو کارانەی دەدرێنە پاڵ عاتف نەجیب و ماهیر ئەسەد، وەک تاوان دژی مرۆڤایەتی و کوشتنی بەئەنقەست پلەبەندییان بۆ کراوە.
بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی 2024 لەگەڵ خێزانەکەی بەرەو مۆسکۆ ڕای کرد، ئەمەش دوای ئەوەی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان لە دیمەشقی پایتەخت نزیک بوونەوە. ئەمە یەکەمین بڕیاری یاساییی مێژووییە کە لە ژێر سایەی دەسەڵاتی تێپەڕین و گواستنەوەی سووریادا دژی کەسایەتییەکانی ڕژێمی پێشوو و بنهماڵهی ئهسهد دەردەچێت.
ئهمه لهكاتێكدایه، سووریا لە ساڵی 2011ـەوە ڕووبەڕووی جەنگێکی ناوخۆیی خوێناوی بووهوه، کە تێیدا ڕژێمەکەی ئەسەد بە بەکارهێنانی چەکی قەدەخەکراو تۆمەتبار کرا و ههزاران هاووڵاتی وڵاتهكه ئاوارهی وڵاتانی دراوسێی بوون.