ئەنجوومەنی وەزیران مۆڵەتی بێ مووچەی بۆ زۆرترین ماوەی دوو ساڵ کەم کردەوە و دەسەڵاتەکەی دا بە وەزیرەکان، بە مەرجێک مۆڵەتەکانی پێشوو تا کۆتایی هاتنیان بەردەوام دەبن و نوێ ناکرێنەوە.
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری ژمارە 300ی بە واژۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران دەرکرد، کە تێیدا ڕێنمایی و شێوازی پێدانی مۆڵەتی ئاسایی بێ مووچەی بۆ فەرمانبەرانی کەرتی گشتی ڕێکخستووەتەوە.
بەپێی بڕیارەکە، وەزیرەکان و سەرۆکی ئەو دەستانەی بە وەزارەتەوە بەستراوە نین، لە کاتی پێویستدا مافی ئەوەیان دەبێت مۆڵەتی ئاسایی بێ مووچە بە فەرمانبەران ببەخشن، بە مەرجێک ماوەی مۆڵەتەکە لە 2 ساڵ زیاتر نەبێت، هاوکات لە بڕیارەکەدا جەخت کراوەتەوە، ئەم ماوەیە بۆ هیچ مەبەستێکی خزمەتی فەرمانبەری و خانەنشینی هەژمار ناکرێت.
لە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران هاتووە، کارکردن بە بڕیاری پێشووی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە 38ی ساڵی 2015 ڕادەگیرێت، سەبارەت بەو فەرمانبەرانەشی کە پێش دەرچوونی ئەم بڕیارە مۆڵەتی بێ مووچەیان وەرگرتووە، تا تەواوبوونی ماوەی مۆڵەتەکانیان بەپێی بڕیارە کۆنەکە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، بەڵام دوای ئەوە جارێکی دیکە مۆڵەتەکانیان بۆ نوێ ناکرێتەوە.
لە کۆتاییدا ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابووری و ئەنجوومەنی گشتیی ڕاژەی ڕاسپاردووە بۆ دەرکردنی ڕێنمایی پێویست بە مەبەستی ئاسانکاری لە جێبەجێکردنی بڕیارەکەدا، کە دوای بڵاوبوونەوەی لە ڕۆژنامەی فەرمیی (وەقایعی کوردستان) دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
پێشتر بەپێی بڕیاری ژمارە 38ی ساڵی 2015ی ئەنجوومەنی وەزیران، مافی وەرگرتنی مۆڵەتی بێ مووچەی 5 ساڵی و 10 ساڵی بە فەرمانبەرانی کەرتی گشتی دەدرا.