هادی عامری، بە نووسراوێکی فەرمی بڕیاری گواستنەوەی فۆرمی خۆراکی بۆ ناوچە جێناكۆكه‌كان ڕاگرت، ئەمەش تەنیا دوو ڕۆژ دوای دەرکردنی بڕیارێکی پێشووی دێت.

 

ئەمڕۆ ناوەڕۆکی نووسراوێکی نوێی هادی عامری، سەرۆکی لێژنەی ماددەی 140 بڵاو کرایه‌وه‌ کە ئاراستەی وەزارەتی بازرگانی عێراقی کردووە. عامری لە نووسراوە نوێیەکەیدا داوای کردووە کارکردن بە نووسراوی پێشووی لێژنەی ماددەی 140 ڕابگیرێت کە تێیدا ڕێگەی دابوو فۆرمی خۆراک بۆ ناوچە جێناكۆكه‌كان بگوازرێتەوە.

 

به‌پێی نووسراوه‌كه‌ی پێشوو، ڕێگەدرابوو خێزانە عەرەب و تورکمانەکان فۆرمی خۆراکی خۆیان لە ناوچەکانی دیکەی عێراقەوە بۆ ناوچە جێناكۆكه‌كان بگوازنەوە، ئەمەش مەترسی گۆڕینی دیمۆگرافیای لەو ناوچانە دروست کردبوو.

 

عامری له‌ نووسراوه‌ نوێیه‌كه‌یدا كه‌ ئاڕاسته‌ی وه‌زاره‌تی بازرگانی عێراقی كردووه‌ نووسیویه‌تی، داوا دەکەین کارکردن بە ناوەڕۆکی نووسراوی پێشووتر ڕابگیرێت، تا ئەو کاتەی لێکۆڵینەوەیەکی یاسایی ئامادە دەکرێت کە هەموو بارودۆخەکانی گواستنەوە لە ناوچە جێناکۆکەکان بگرێتەوە.

 

هۆكاری ڕاگیرانه‌كه‌ی گه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی، كه‌ ده‌یانه‌وێت بە شێوەیەکی سەلامەتیی ڕێکارەكانی گواستنه‌وه‌ مسۆگەر بكرێت، تا زیان بە مافی ئەو هاووڵاتییانە نەگەیەنرێت کە ماددەی 140ی دەستووری کۆماری عێراق دەیانگرێتەوه‌.

 

بەهۆی ئەوەی پڕۆسەی دەنگدان بەستراوەتەوە بە فۆرمی خۆراکەوە، گواستنەوەی ئەو فۆرمە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر هاوکێشەی سیاسی و ئیداریی ناوچە کێشەلەسەرەکان دروست ده‌كرد.

 

ئەم پاشەکشەیەی عامری لە کاتێکدایە کە کورد لە ناوچە کێشەلەسەرەکان پێگەی بەرەو لاوازی چووە و لە ئێستادا پۆستی پارێزگاری کەرکووک لەلایەن پێکهاتەی تورکمانەوە بەڕێوە دەبرێت.