دووەم گەورەترین پێشانگای نێودەوڵەتیی تەندروستی لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر کرایەوە کە تێیدا دەیان کۆمپانیای ناوخۆیی و بیانی بەشدارن.
ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پێشانگای نێودەوڵەتیی تەندروستیی مێدیکۆ لە هۆڵی پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر لە نێو پارکی سامی عەبدولڕەحمان کراوەتەوە و تێیدا 150 کۆمپانیای بواری تەندروستی لە 13 وڵاتی جیاوازەوە بەشدارن.
ڕێکخەرانی پێشانگاکە ئاماژەیان بەوە کردووە کە لەم خولەدا نوێترین ئامێر، کەرەستە و دەرمانی پێشکەوتوو خراونەتە ڕوو، کە دەبێتە دەرفەتێکی باش بۆ کۆکردنەوەی بەرهەمهێنەران و بڕیاربەدەستانی کەرتی پزیشکی لە یەک شوێندا. هەروەها کۆنفرانسێکی پزیشکی لەژێر چاودێریی بۆردی کوردستانی بەڕێوە دەچێت کە تێیدا 150 توێژینەوەی زانستیی نوێ پێشکەش دەکرێن.
ئەم پێشانگایە چوار ڕۆژ بەردەوام دەبێت و تاوەکو 14ی ئەم مانگە چالاکییەکانی بەردەوام دەبن، کە چەندین خزمەتگوزاریی بێبەرامبەر پێشکەش بە سەردانیکەران دەکات، وەک ڕاوێژی پزیشکی، پشکنین و دابینکردنی هەلی کار بۆ گەنجان لە ڕێگەی پێشکەشکردنی سیڤی بۆ کۆمپانیا بەشداربووەکان، هاوکات چەندین پڕۆگرامی تایبەت وەک میدستارز بۆ داهێنەران و میدویمن بۆ ئافرەتانی پسپۆڕی بواری تەندروستی لە چالاکییەکەدا جێگیر کراون.
پێشانگای نێودەوڵەتیی مێدیکۆ ساڵانە لە شاری هەولێر، بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی تەندروستی و ناساندنی داهێنانە پزیشکییە جیهانییەکان، پێشکەشکردنی ڕێنماییی پزیشکی و دابینکردنی هەلی کار بۆ گەنجانی هەرێمی کوردستان و عێراق ڕێک دەخرێت.