ڕێبەری باڵای ئێران لە بڕیارێکی نوێدا موحسین ڕەزایی، وەک ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی و محه‌ممه‌د باقر زوولقەدری وەک ڕاوێژکاری سیاسیی خۆی دیاری کرد.

 

ئەمڕۆ ماڵپەڕی فەرمیی ڕێبەری باڵای ئێران و بەرپرسی کاروباری میدیایی سەرۆکایەتیی ئەو وڵاتە ژماره‌یه‌ک گۆڕانکاری گه‌وره‌ی له‌ جومگه‌ گرنگه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی ئێراندا ڕاگەیاند.

 

لە فەرمانە نوێیەکاندا موحسین ڕەزایی کە یەکێکە لە پێشەنگەکانی شەڕی 8 ساڵەی ئێران و عێراق، لە جێگەی محه‌ممه‌د باقر زوولقەدر کراوەتە ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی. هەروەها موجتەبا خامنەیی لە نووسراوێکی جیاوازدا زوولقەدری وەک ڕاوێژکاری سیاسیی خۆی ناساندووە و دەڵێت: "سوودی لە ئەزموونەکانی دەبینێت."

 

ئەم گۆڕانکارییانە دوای کۆبوونەوەی مەسعود پزیشکیان و موجتەبا خامنەیی دێن کە تێیدا باسیان لە قۆناغی داهاتووی جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا کردووە. پێشتر دەنگۆی ئەوە هەبوو کە پزیشکیان 28 جار داوای دەستلەکارکێشانەوەی کردووە، بەهۆی ئەوەی دەسەڵاتی بڕیاردان لە ئاسایشی نیشتمانی لە دەستی کابینەکەی ئەودا نەماوە.