سیستەمی مۆڵەتپێدانی جام تاریکی لە هەرێمی کوردستان گۆڕانکاری بەسەردا هات، بە شێوەیەک تێچووی مۆڵەتی ساڵانە لەسەر بنەمای ڕێژەی تاریکی دیاری کراوە.
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێنمایی ژمارە (6)ی ساڵی 2026ی تایبەت بە پێدانی مۆڵەتی جام تاریک کردنی ئۆتۆمبێل دەرکرد، کە تێیدا مەرج و ڕێژە ڕێگەپێدراوەکان، بڕی ڕسووماتی کارگێڕیی ساڵانە و سزاکانی سەرپێچیکاران دیاری کراون.
بەپێی ڕێنماییەکە، کە بە واژۆی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ دەرچووە، داواکاریی وەرگرتنی مۆڵەت لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆی پارێزگاکانەوە دەبێت و ئۆتۆمبێلەکە دەبێت بەناوی داواکارەوە بێت. مۆڵەتەکە بۆ ماوەی 1 تا 3 ساڵ دەبێت و ساڵانە نوێ دەکرێتەوە.
لە ڕێنماییەکەی وەزارەتی ناوخۆ جەخت کراوەتەوە، جامی پێشەوە بە هیچ شێوەیەک نابێت تاریک بکرێت و دەبێت 100% ڕووناكی تێپەڕێنێت. هەروەها وەرگرتنی مۆڵەت بەپێی ڕێژەی تاریکی لە 21% تاوەکو سەرەوەی 80% ڕێکخراوە، لە کاتێکدا ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە بنەڕەتدا و لە کۆمپانیاوە ڕێژەی تاریکییان لە نێوان 1% تا 20%یە، هیچ بڕە پارەیەکیان لێ وەرناگیرێت.
بڕی کرێی کارگێڕیی و نرخەکانی جام تاریککردن:
-ڕێژەی 21% تا 50% (لەزگە یان کۆمپانیا): بڕی 100 هەزار تا 150 هەزار دیناری ساڵانە وەردەگیرێت.
-ڕێژەی 51% تا 80% (لەزگە یان کۆمپانیا): بڕی 300 هەزار تا 500 هەزار دیناری ساڵانە وەردەگیرێت.
-ڕێژەی زیاتر لە%80: بڕی 1 ملیۆن دیناری ساڵانە وەردەگیرێت.
-تێچووی سەرەتایی و باج: بڕی 25 هەزار دینار لە کاتی پێشکەشکردنی داواکاری و 20 هەزار دیناریش بۆ باجی ڕێگەپێدانی جام تاریکی وەردەگیرێت.
بۆ ئۆتۆمبێلی تاکسی، ڕێنماییەکە ڕێگەی داوە تەنیا چوار جامەکانی لایەکان تا ڕێژەی 50% تاریک بکرێن و جامی پێشەوە و پشتەوە بە تەواوی قەدەغەیە. هاوكات، ئۆتۆمبێلەکانی پروپۆکۆلی حکومەت، سەرۆکایەتیی هەرێم، باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەم کرێیە کارگێڕییانە بەدەر کراون.
لە کۆتایی ڕێنماییەکەدا هاتووە، مەفرەزەکانی پۆلیس، هاتووچۆ و ئاسایش دەست بەسەر ئەو ئۆتۆمبێلانەدا دەگرن کە بە بێ مۆڵەت جامیان تاریک کردووە؛ سەرپێچیکارانیش بە بڕی 500 هەزار دینار دەستبەجێ سزادەدرێن و ئۆتۆمبێلەکەیان بۆ ماوەی 3 ڕۆژ دەستبەسەر دەکرێت.
ڕسووماتی جام تاریککردن دیاریکرا
کورتە
مۆڵەت و مەرجەکانی جام تاریککردنی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان ڕێکخرانەوە.