کۆمپانیای خاوەنی پلاتفۆرمی ترووس سۆشیاڵ کە خاوەن دارییەتییەکەی دەگەرێتەوە بۆ سەرۆکی ئەمریکا، لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا زیانێکی دارایی پێوانەیی تۆمار کرد کە نزیکەی دە هێندەی ساڵی ڕابردووە.

 

ئەمڕۆ کۆمپانیای میدیا و تەکنەلۆجیای ترەمپ ڕایگەیاند، کۆمپانیای پلاتفۆرمی تروس سۆشەڵ زیانێکی دارایی گەورەی بە بڕی 238.1 ملیۆن دۆلار لەو چارەکەدا تۆمار کردووە کە لە 30ی حوزەیراندا کۆتایی هاتووە، لە کاتێکدا زیانی کۆمپانیاکە لە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوودا تەنها 20 ملیۆن دۆلار بووە.

 

بەپێی ڕاپۆرتی کۆمپانیاکە، زۆربەی ئەم زیانە داراییانە بەهۆی کەمبوونەوەی نرخی داراییەکانی هاتوونەتە ئاراوە. لەو زیانەشدا زیاتر لە 190 ملیۆن دۆلار پەیوەستە بە دابەزینی بەهای دراوە دیجیتاڵییەکان و کاغەزە داراییەکانی کۆمپانیاکە.

لە لایەکی ترەوە، داهاتی گشتی کۆمپانیاکە لەم چارەکەدا گەیشتووەتە 1.7 ملیۆن دۆلار، کە ئەمەش بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو گەشەکردنێکی بە ڕێژەی 89% پیشان دەدات. سەرەڕای ئەم گەشەکردنە لە داهاتدا، کۆمپانیاکە نەیتوانیوە زیانە داراییە گەورەکانی کەرتی دیجیتاڵی قەرەبوو بکاتەوە.

 

پێشتریش ئەم کۆمپانیایە لە ڕاپۆرتی چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا زیانێکی دارایی زۆری بەهۆی دابەزینی بەهای دراوە کریپتۆییەکانەوە ڕاگەیاندبوو، بەڵام جەختی کردەوە کە لە دۆخێکی باشدا دایە بۆ تەواوکردنی پرۆسەی یەکگرتنی پێشنیارکراو لەگەڵ کۆمپانیای تی ئەی ئی تەکنەلۆجیس کە تایبەتە بە بواری یەکگرتنی ئەتۆمی.

 

تروس سۆشیال تۆڕێکی کۆمەڵایەتییە کە لە ساڵی 2022 لەلایەن کۆمپانیای میدیا و تەکنەلۆجیای ترەمپ دامەزرا، ئەم پلاتفۆرمە دوای سنووردارکردنی هەژمارەکانی دونالد ترەمپ لە هەندێک تۆڕی کۆمەڵایەتی هاتە کایەوە و بە شێوەیەکی سەرەکی وەک هاوشێوەی ئێکس (تویتەری پێشوو) کار دەکات.