تیۆرێکی نوێ کە دەوترێت لە ڕاپۆرتێکی نهێنیی ئاژانسی ناساوە وەرگیراوە، هۆشداری دەدات لەوەی ئه‌م چوارشەممەیه‌ 60 ملیۆن کەس بەهۆی نەمانی کێشکردنی زەوییەوە لە یەک کاتدا دەمرن.

 

ئەم زانیارییانە لە تیۆرێکەوە وەرگیراون کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراوەتەوە و ئاماژە بەوە دەکات، ڕۆژی چوارشەممە 12ی ئەم مانگە، زەوی بۆ ماوەی 7 چرکە هێزی کێشکردنی نامێنێت. بەپێی پڕوپاگه‌نده‌كه‌، ئەم ڕووداوە کاتژمێر 5 و 33 خولەکی ئێوارە بە کاتی هەولێر ڕوودەدات.

 

لە ناوەڕۆکی تیۆرەکەدا هاتووە، لەو 7 چرکەیەدا مرۆڤ، ئۆتۆمبێل و هەر شتێک بە تووندی بە زەوییەوە نەبەسترابێتەوە، 15 تا 20 مەتر بۆ ئاسمان بەرز دەبنەوە. پاش گەڕانەوەی هێزی کێشکردن، هەموو ئەو شتانە بە تووندی دەکەونەوە سەر زەوی و بەو هۆیەوە نزیکەی 60 ملیۆن کەس لە جیهاندا گیانیان لەدەست دەدەن.

 

ئاژانسی ناسا و ناوەندە زانستییە جیهانییەکان ئەم دەنگۆیانە بە تەواوی ڕەت دەکەنەوە و بە زانیاریی چەواشەکارانە ناوی دەبەن. شارەزایان ڕوونی دەکەنەوە کە هێزی کێشکردن ئەنجامی بارستەی زەوییە و مەحاڵە بە شێوەیەکی لەناکاو بکوژێتەوە یان پەکی بکەوێت.

 

ئەم دەنگۆیانە باس لە پڕۆژەیەکی نهێنی دەکەن بە ناوی پڕۆژەی لەنگەر (Project Anchor) کە گوایا 89 ملیار دۆلاری بۆ تەرخان کراوە، بەڵام ناسا بوونی پڕۆژەیەکی لەو شێوەیەی ڕەت کردووەتەوە. زانایان دەڵێن هێزی کێشکردن تەنیا لە کاتی پەککەوتنی بارستەی زەوی دەوەستێت، کە ئەوەش لە ڕووی زانستییەوە ئەستەمە.

 

به‌پێی ناسا، تاکە ڕووداوی فەلەکی کە بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە ڕوو بدات، خۆرگیرانێکی تەواوە کە لە ناوچەکانی جەمسەری باکوور، گرینلاند و ئیسپانیا دەبینرێت. ناسا جەخت دەکاتەوە کە خۆرگیران هیچ کاریگەرییەکی نائاسایی لەسەر کێشکردنی زەوی دروست ناکات و تەنیا کاریگەری لەسەر هەڵکشان و داکشانی دەریاکان دەبێت.

 

هاوكات پێشبینی دەکرێت، ڕۆژی چوارشەممە موشەکێکی پەککەوتووی کۆمپانیای سپەیس ئێکس بە خێرایی 5400 میل لە کاتژمێرێکدا بکێشێت بە ڕووی مانگدا، بەڵام ئەمەش هیچ مەترسییەک بۆ سەر زەوی دروست نا کات.