هەڕەشەکانی ئێران بۆ تیرۆرکردنی ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای ناچارکردووە بە نهێنی فرۆکەی گواستنەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگۆڕێت.
ڕۆژنامەی واشنتن پۆست لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا مانگی ڕابردوو بەنهێنی تورکیای لە ڕێگەی فرۆکەیەکی جەنگییەوە جێهێشت، لەکاتێکدا کۆشکی سپی دەیگووت: "فرۆکەی تایبەتی خۆی لە جۆری (Air Force One)ـی بۆ گەڕانەوە بەکار هێناوە.
مانگی ڕابردوو ترەمپ بە فرۆکەی ناسراوی سەرۆکایەتیی (Air Force One)، کە لەلایەن قەتەڕەوە بەدیاری پێی درابوو، بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی ناتۆ گەیشتە تورکیا، دواتر بەر لەوەی تورکیا جێبهێڵێت، ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیاڵ ڕایگەیاند، لەبەر خاتری زەمانی کۆن لە ڕێگەی فرۆکەیەکی کۆنتری سەرۆکایەتیی جۆری (Air Force One) دەچێتە بنکەی ئاسمانی RAF Mildenhal لە بەریتانیا.
لە ڕاپۆرتەکەی واشنتن پۆست دا هاتووە، ترەمپ بەرلەوەی ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا جێبهێڵێت، لە پێش چاوی کامێراکان چووەتە نێو فرۆکە کۆنەکە، بەڵام دواتر بەنهێنی لە ڕێگەی بارهەڵگرێکی گواستنەوەی خواردنی نێو فرۆکە، چووەتە نێو فرۆکەیەکی بچووکتری سەربازی لە جۆری C-32A.
فڕۆکە کۆنەکە بەردەوام بووە لە گەشتەکەی و کۆدی پەیوەندیکردنی "Air Force One"ی بەکارهێناوە بۆ ئەوەی وا دەربکەوێت سەرۆکی تێدایە، لە کاتێکدا فرۆکە سەربازییەکەی ترەمپ بە کۆدی نەناسراوی "Reach 18" و بەبێ دەرکەوتن لە سیستەمەکانی چاودێریی گشتی، بەرەو بەریتانیا بەڕێ کەوتووە.
بەگوێرەی ئەو بەرپرسە ئەمریکییانەی کە بۆ واشنتن پۆست قسەیان کردووە، جگە لە ڕۆژنامەنووسان، تەنانەت ڕۆژنامەنووسانی هاوڕێی سەرۆک و ئەندامانی کۆشکی سپیش وایان دەزانی ترەمپ لەگەڵ ئەوان لە نێو فرۆکە کۆنەکەیە.
فرۆکەی سەربازی C-32A، ئەو فرۆکەیەکی ترەمپ بە نهێنی سەرکەوت، کاتژمێر 10:20ـی شەو گەیشتە بەریتانیا و دوای چەند خولەکێکی دیکەش، فرۆکە کۆنەکە گەیشتە هەمان بنکە، کە بریار بوو ترەمپ بۆ گەشتەکە بەکاری بهێنێت.
ئەم ڕێوشوێنە ئەمنییانە لە کاتێکدا دێت، دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا ئەو کاتە هەڕەشەیەکی دیاریکراوی كۆماری ئیسلامیی ئێرانیان بۆ سەر ترەمپ یان فڕۆکەکەی دەستنیشان کردبوو.