بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی ڕاپەڕین سەرجەم شۆفێرانی سنوورەکە ئاگادار دەکاتەوە، لەمەودوا وەستان لە نۆرەی بەنزینخانەکان بەبێ مۆڵەتی شۆفێری بە تەواوی قەدەغەیە و مەفرەزەکانیان ڕێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگرنە بەر.

ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی ڕاپەڕین بڵاویکردەوە، لەسەر ڕاسپاردەی قایمقامی قەزای ڕانیە و داواکاریی ئیدارەی بەنزینخانەیەکی ڕانیە، مەفرەزەکانیان لێپرسینەوەی ورد و تووند لە سەرەی بەنزینخانەکان دەست پێدەکەن.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی هاتووچۆی ڕاپەڕین، ڕێگە بە هیچ شۆفێرێک (نێر و مێ) نادرێت بێ هەبوونی مۆڵەتی شۆفێری لە سەرەی بەنزینخانەدا بوەستێت و لە کاتی بەدیکردنی هەر سەرپێچییەکدا ڕێکاری یاسایی بەپەلە بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتە بەر.

لە کۆتایی دا هاتووچۆی ڕاپەڕین داوا لە هاووڵاتییان دەکات، بە مەبەستی پاراستنی ڕێکخستنی هاتووچۆ و مافی هاووڵاتییان، بە تەواوی پابەندی ڕێنمایی و یاساکانی هاتووچۆ ببن.