زۆربەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە شێرپەنجە لەنێو ئەندامانی یەک خێزاندا پەیوەندییان بە هۆکاری بۆماوەیییەوە نییە و تەنیا لە 10%ی حاڵەتەکاندا جینات ڕۆڵی سەرەکی دە گێڕن.

 

ئەمڕۆ واشنتن پۆست له‌ ڕاپۆرتێكی ورد و گرنگدا تیشكی خسته‌ سه‌ر نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ و هۆكار و لێككه‌وته‌كانی و ڕایگه‌یاند، زۆربەی جۆرەکانی شێرپەنجە لە ئەنجامی تەمەن و گۆڕانکاریی هەڕەمەکیی جیناتەوە ڕوو دەدەن. ئەم زانیارییانە ترس و دڵەڕاوکێی ئەو کەسانە دەڕەوێننەوە کە مێژوویەکی زۆری نەخۆشییەکەیان لەنێو خزمە نزیکەکانیاندا هەیە.

 

میکائیل سیکێریس، سەرۆکی بەشی نەخۆشییەکانی خوێن لە زانکۆی میامی بۆ واشنتن پۆست قسه‌ی كردووه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌، دەتوانرێت ڕێگری لە 40%ی تووشبوونەکان بکرێت ئەگەر مرۆڤ پەیڕەوی ژیانێکی تەندروست بکات.

 

ناوبراو ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ ڕوو، دوورکەوتنەوە لە جگەرەکێشان و ئەنجامدانی وەرزشی بەردەوام مەترسییەکانی تووشبوون بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەم دەکاتەوە.

 

شایانی باسه‌، پزیشکە پسپۆڕەکان جەخت له‌وه‌ دەکەنەوە کە شێوازی ژیان و هۆکارە ژینگەییەکان گەورەترین کاریگەرییان لەسەر گەشەکردنی خانە شێرپەنجەییەکان هەیە.

 

داواش ده‌كه‌ن، گرنگی به‌ پشکنینی دەوری بدرێت به‌تایبه‌ت بۆ ئەو کەسانەی مێژووی شێرپەنجەی هێلکەدان، پەنکریاس و کۆڵۆنیان لە خێزانەکەیاندا هەیە. پزیشکەکان ئامۆژگاری ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، کە پشکنینی جیناتی تەنیا بۆ ئەو حاڵەتانە پێویستە کە نەخۆشییەکە پێش تەمەنی 50 ساڵی یان لە چەند نەوەیەکی یەک لە دوای یەکدا دەردەکەوێت.

 

بەپێی ئامارە جیهانییەکان، دەستنیشانکردنی پێشوەختە و گۆڕینی شێوازی ژیان بۆ ژیانێکی تەندروست، کاریگەرترین ڕێگەن بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی مردن بە شێرپەنجە لە جیهاندا.