لە نوێترین هەوڵەکان بۆ ڕێکخستن و ئاساییکردنەوەی هاتوچۆی کەشتییەکان، ئێران و عومان لە ڕێککەوتنێکی نوێدا شێوازێکی نوێی ڕێکخستنیان بۆ گەرووی هورمز خستە ڕوو.
دوێنێ، 5ی ئاب، وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، کە تاران و عومان لەسەر دیاریکردنی ڕێڕەوی نوێی هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمزدا گەیشتوونەتە تێگەیشتنێکی هاوبەش و ئێستا کار لەسەر ئامادەکردنی ڕاگەیەندراوێکی هاوبەش دەکەن.
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژهی بهوهداوه، ئەو ڕێککەوتنە نوێیە جیاوازە لەگەڵ شێوازی بەڕێوەبردنی 60 ساڵ لەمەوپێش، ڕوونیشی کردەوە کە بەشێکی زۆری ڕێڕەوە نوێیەکە لەناو خاکی ئێراندایە و بەشێکی دیکەشی دەکەوێتە خاکی عومان.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هۆشداریشی دا کە لە کاتی جەنگدا ئێران سەروەریی خۆی بەسەر گەرووەکەدا دەسەپێنێت، بە پێچەوانەشەوە لە کاتی ئاشتیدا کەشتییەکان بە شێوەیەکی ئاسایی بە گەرووەکەدا هاتوچۆ دەکەن و هیچ کێشەیەک ڕوونادات.
هاوکات، مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ میدیای فەرمیی ئێراندا گوتی: "لە ئێستادا پەیوەندیکردن لەگەڵ ڕێبەری باڵای ئێراندا زۆر زەحمەتە، بەڵام بوونی ئەو بۆ ئێمە هێزێکی زۆرمان پێ دەبەخشێت و ئەو هەوڵانەی کە دوژمنان دەیدەن بۆ ئەوەی دووبەرەکی لە نێوانماندا دروست بکەن، سەر ناگرێت".
ئەم قسانە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە گفتوگۆکان لەگەڵ ئێراندا باش پێش دەچن و ڕێککەوتنێک لەسەر گەرووی هورمز لەوانەیە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بگاتە ئەنجام؛ جەختیشی کردەوە کە ڕێککەوتن بکرێت باشترە لە بەکارهێنانی هێز و ئاماژەی بەوە دا کە نایەوێت خەڵک بکوژرێن.
گەرووی هورمز یەکێکە لە گرنگترین ڕێڕەوە ئاوییەکانی جیهان کە کەنداوی فارس بە دەریای عومان و زەریای هیندەوە دەبەستێتەوە. ئەم گەرووە لەنێوان ئێران و عوماندایە و نزیکەی چارەکی بازرگانیی نەوتی دەریایی جیهان و بەشێکی گرنگ لە هەناردەی گازی سروشتیی شل (LNG)ی پێدا تێدەپەڕێت.