لێژنەیەکی پەرلەمانیی هیندستان داوای لێبوردنی فەرمی لە سەرۆکی کۆمپانیای مێتا دەکات بەهۆی سڕینەوەی کاتیی ڤیدیۆیەکی سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە لەسەر پلاتفۆرمەکانی فەیسبووک و ئینستاگرام.

 

ئەمڕۆ لێژنەی پەرلەمانیی پەیوەندییەکان و تەکنەلۆژیای زانیاری لە هیندستان ڕایانگەیاند، داوا لە مارک زوکەربێرگ، سەرۆکی کۆمپانیای مێتا دەکەن داوای لێبوردنێکی فەرمی پێشکەش بکات، دوای ئەوەی ڤیدیۆیەکی نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەی بۆ ماوەیەکی کاتی لەسەر پلاتفۆرمەکانی فەیسبووک و ئینستاگرام سڕایەوە.

 

کۆمپانیای مێتا دووپاتی کردەوە کە سڕینەوەکە هەڵەیەکی تەکنیکی بوو، بەڵام نیشیکانت دوبەی، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکان و تەکنەلۆژیای زانیاری لە پەرلەمانی هیندستان ڕوونی کردەوە کە ئەمە هەڵەیەکی قبووڵنەکراوە و گوتی: "زوکەربێرگ دەبێت لە ماوەی 3 ڕۆژدا داوای لێبوردن بکات".

 

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەوان بە فەرمی نووسراویان ئاراستەی وەزارەتەکانی ناوخۆ و تەکنەلۆژیا کردووە بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی توند دژی مێتا، لە ئەگەری پێشکەشنەکردنی داوای لێبوردن لەلایەن زوکەربێرگەوە لەو ماوە دیاریکراوەدا.

 

ڤیدیۆکەی مۆدی، کە لە 23ی تەممووزدا بڵاوکرایەوە، تێیدا پەیامێکی ئاراستەی قوتابییان کردبوو لە کاتی خۆپێشاندانەکانی گەنجان لە دژی وەزیری پەروەردەی وڵاتەکە، ئەم ڤیدیۆیە بۆ ماوەیەکی کورت لە فەیسبووک و ئینستاگرام سڕایەوە، بەڵام دواتر گەڕێندرایەوە.

 

خۆپیشاندانەکان، کە لە شاری نیودەلهی لەسەرەتای مانگی حوزەیران دەستیان پێکرد، سەرەتا بەهۆی ناڕەزایی لە نادروستییەکانی تاقیکردنەوەکان بوون، بەڵام دواتر بۆ بزووتنەوەیەکی فراوانتر لەسەر هەلی کار، داهاتووی گەنجان و ڕەخنە لە شێوازی حوکمڕانیی سەرۆکوەزیران گۆڕان.