پزیشکانی پسپۆڕی خۆراک هۆشداری دەدەن سەبارەت بە هەڵبژاردنی جۆری پەتاتە و شێوازی خواردنی، بۆ ئەوەی لە نەخۆشییەکان بەدوور بن.
ئەمڕۆ د. نیکۆڵ داندریا، پسپۆڕی خۆراک و مینگوی شۆ، پسپۆڕی تەکنەلۆژیای خۆراکی، سەبارەت بە هەندێک جۆری پەتاتە ڕایانگەیاند، ئەو پەتاتانەی ڕەنگیان سەوز بووە، ڕەنگە مەترسی بۆ سەر تەندروستیی مرۆڤ هەبێت بەهۆی درستبوونی ماددەی ژەهراوی تێیاندا.
دکتۆر شۆ ڕوونی کردەوە، کاتێک ڕیشاڵی پەتاتە بەر تیشکی خۆر دەکەوێت، دەست دەکات بە بەرهەمهێنانی پێکهاتەیەکی سروشتی کە بە گلایکۆئەلکالۆید ناسراوە یان سۆلانین و چاکۆنین؛ ئەم ماددانە دەبنە هۆی سکچوون، ڕشانەوە و ئازاری سک، هەروەها لەوانەیە کاریگەری لەسەر کۆئەندامی دەماریی ناوەندی هەبێت و ببێتە هۆی ناڕێکیی لێدانی دڵ.
هەردوو پسپۆڕەکە هۆشداری دەدەن، کە ئەو پەتاتانەی سەوزن یان پەڵەی سەوزیان تێدایە، باشتر وایە فڕێیان بدەن، چونکە لابردنی بەشە سەوزەکان هەمیشە گەرەنتی ئەوە ناکات کە پەتاتەکە دوور بێت لە پێکهاتەی ژەهراوی و تەندروست بێت بۆ خواردن.
شایەنی باسە لە جیهاندا زیاتر لە 4000 جۆری پەتاتە هەیە، بەڵام لە زۆربەی بازاڕەکان تەنیا چەند جۆرێکی سەرەکی دەفرۆشرێت، لەوانە: پەتاتەی سپی، پەتاتەی زەرد، پەتاتەی سوور، پەتاتەی مۆر؛ ئەم ڕەنگە جیاوازانە هەر یەکێکیان تام و سوودێکی جیاواز و تایبەتیان هەیە.