یاریزانێکی کورد لە پاڵەوانێتیی جیهانیی تایکواندۆ لە کۆریای باشوور سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا و پلەی دووەمی جیهانی لە بواری شکاندنی هێزدا مسۆگەر کرد.
ئەمڕۆ تیمی کوردستانی تایکواندۆ ڕایگەیاند، لە پاڵەوانێتیی جیهانیی تایکواندۆی هانمەدانگی 2026 لە سیۆلی پایتەختی کۆریای باشوور، یاریزانێکی کورد توانی پلەی دووەمی جیهانی لەسەر ئاستی زیاتر لە 60 وڵات و 6000 یاریزان لە بواری شکاندنی هێزدا بەدەستبهێنێت.
تیمەکە بە سەرۆکایەتیی هێمن مەهدی قادر، ڕاهێنەر و مامۆستای تایکواندۆ لە 8 کوڕ و 1 کچ لە شارەکانی هەولێر، دهۆک، کەرکووک و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران پێکهاتبوو، ناوبراو گوتی: "دەمەوێت لەم ڕێگەیەوە داوای لێبووردن لە گیانی پاکی شەهید وڵاتی برای خۆشەویستم بکەم؛ لەبەر ئەوەی پێش شەهیدبوونی، پەیمانم پێدابوو کە لەم پاڵەوانێتییە جیهانییەدا مەدالیای زێڕ بەدەستبهێنم، بەڵام نەمتوانی".
ئەنجامی بەدەستهاتووی یاریزانان و سەرۆکی تیم بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
هێمن مەهدی قادر (سەرۆکی تیم و ڕاهێنەر): مەدالیای زیو لە جۆری (شکاندنی خێرا).
بنیامین ئیمان: مەدالیای زێڕ و مەدالیای بڕۆنز (پۆلی تەمەنی خوار 18 ساڵ).
یەڵدا محەممەد: مەدالیای زیو لە جۆری (شکاندنی هێز).
ئامد: میدالیای زیو (پۆلی تەمەنی سەروو 18 ساڵ).
پاڵەوانێتیی تایکواندۆی هانمەدانگ یەکێکە لە گرنگترین و بەناوبانگترین پاڵەوانێتییە جیهانییەکان کە ساڵانە لە کۆریای باشوور بەڕێوەدەچێت و تێیدا یاریزانانی وڵاتانی جیاواز لەسەر ئاستی جۆراوجۆر لەسەر لێهاتووییەکانی شکاندن و جەستەیی ڕکابەری دەکەن.