دوای ئەوەی بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و سعودیە بۆ سەر عێراق، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە سەردانەکەی بۆ سعودیە هەڵوەشاندەوە، سەرچاوەیەکی باڵا ئاشکرای دەکات کە بڕیارە دووبارە ئەم سەردانە ئەنجام بدرێت.
ئەمڕۆ کەناڵی شەفەق نیوز لە زاری سەرچاوەیەکی تایبەتەوە ڕایگەیاند، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، دوای ئەوەی گەشتەکەی ڕێکەوتی 30ی تەممووزی ئەمساڵی بۆ سعودیە هەڵوەشاندەوە، بڕیار وایە لە هەفتەی داهاتوودا سەردانی ئەو وڵاتە بکات.
بەپێی سەرچاوەکە، لە ڕۆژانی ڕابردوودا لایەنە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان هەوڵیان داوە بۆ ئارامکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و ڕیاز، دوای سەرکەوتنی ئەم هەوڵانەش بڕیار دراوە سەردانە دواخراوەکەی زەیدی بۆ سعودیە ئەنجام بدرێت و چاوەڕوان دەکرێت لە سەردانەکەدا گفتوگۆ لەسەر بابەتەکانی ئاسایش، ئابووری و وەبەرهێنان بکرێت.
هەروەها هەمان سەرچاوە ئاشکرای کرد، سعودیە بەڵێنی داوە لە کاتی سەردانەکەدا بەڵگە و زانیاریی تایبەت پێشکەش بە عەلی زەیدی بکات، کە بەگوێرەی ئەوان، هەندێک هێرش لە ناو خاکی عێراقەوە ئاراستەی خاکی سعودیە کراوە.
ئەم سەردانە پاش ئەوە دووبارە خرایەوە بەرنامەوە، هەفتەی ڕابردوو دوای ئەوەی سعودیە بە یارمەتیی ئەمریکا چەندین هێرشی ئاسمانی کردە سەر چەند شوێنێک لە ڕۆژهەڵاتی عێراق، لە ئەنجامدا زەیدی سەردانە بڕیارلێدراوەکەی بۆ سعودیە هەڵوەشاندبوویەوە.