نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 12مین ساڵیادی جینۆسایدی ئێزیدییەکاندا، داوای سزادانی تاوانباران دەکات.

 

ئەمڕۆ نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە دکتۆر دیندار زێباری ڕایگەیاندووە، تێپەڕبوونی 12 ساڵ بەسەر جینۆسایدی شنگالدا بەبێ سزادانی دادپەروەرانەی تاوانبارانی داعش، درێژەدانە بە بێسزایی.

 

بەپێی زانیارییەکانی ڕاگەیەندراوەکە، ئاماری قوربانیانی جینۆسایدەکەی شنگال نیشانی دەدات کە 6417 کەس ڕفێندراون و تا ئێستا بە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم 3595 کەسیان ڕزگار کراون، و چارەنووسی 2526 کەسی دیکەش هێشتا نادیارە.

 

زێباری، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حکومەتی فیدراڵیی عێراقیش دەکات کە دادگاییکردنی تۆمەتباران بە جینۆساید چیتر دوانەخەن و تەواوی ڕێککەوتنی شنگال بۆ گەڕانەوەی بەڕێزی ئاوارەکان جێبەجێ بکەن.

 

لە 3ی ئابی 2014دا، چەکدارانی داعش هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر قەزای شنگال و دەوروبەری، کە تێیدا هەزاران هاووڵاتیی کوردی ئێزیدی کۆمەڵکوژ کران و ڕفێندران، ئەمەش وەک جینۆسایدێکی هاوچەرخ لە مێژوودا تۆمار کرا.