7  وڵاتی ئەندامی ئۆپێک پڵاس بڕی بەرهەمهێنانی نەوتیان زیاد دەکەن.

لە کۆبوونەوەیەکی ئۆنلایندا، 7 وڵاتی ئەندامی ئۆپێک پڵاس بڕیار لەسەر زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت دەدەن، دوای ئەوەی پێشتر بە خۆبەخشانە بەرهەمهێنانیان کەمکردبوویەوە.

ئەمڕۆ ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی ئۆپێک پڵاس ڕایگەیاند، 7 وڵات لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر زیادکردنی ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوتی خۆیان بدەن بۆ مانگی ئەیلوولی (9)ی ئەمساڵ، بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی نرخی نەوت لە بازاڕەکاندا.

بەپێی دەنگۆکان، وا بڕیارە لەم کۆبوونەوەیەدا بڕی 188 هەزار بەرمیل بەرهەمهێنانی نەوت بۆ ئەو 7 وڵاتە زیاد بکرێت و بەپێی ئاستی بەرهەمهێنانی هەر وڵاتێک دابەش بکرێت بەسەریاندا. ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە ئەو وڵاتانە بە خۆبەخشانە لە ساڵانی 2022 و 2023دا ئاستی بەرهەمهێنانیان کەمکردبوویەوە بە مەبەستی هاوسەنگکردنی بازاڕ.

ئەو 7 وڵاتەی کە بەشداری لەم کۆبوونەوەیەدا دەکەن بریتین لە:

•  سعودیە
•  ڕووسیا
•  عێراق
•  کوەیت
•  کازاخستان
•  جەزائیر
•  عومان

ئۆپێک پڵاس لە ساڵی 2016دا دامەزرا؛ 12 ئەندامی ئۆپێک و چەند وڵاتێکی دەرەوەی ئۆپێک لەخۆدەگرێت کە ڕووسیا گرنگترین هاوبەشەکەیانە. ئەم هاوپەیمانییە بەهۆی بڕیارەکانی لەسەر ئاستی بەرهەمی نەوت، کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر بازاڕ و نرخی جیهانیی نەوت هەیە. ئێستا نزیکەی نیوەی بەرهەمی نەوتی جیهان لەلایەن وڵاتانی ئۆپێک پڵاسەوە دابین دەکرێت.