لە نوێترین هەوڵەکانی بنبڕکردنی گەندەڵی لە عێراق، هێزەکانی دەستەی دەستپاکی بەرپرسێکی گەندەڵی پارێزگای کەرکووک لە کاتی وەرگرتنی بەرتیلدا دەستگیر دەکەن.
ئەمڕۆ دەستەی دەستپاکی فیدراڵیی عێراق ڕایگەیاند، بەرپرسی بەشی ئۆپەراسیۆن لە بەڕێوەبەرایەتی سەرچاوە ئاوییەکانی پارێزگای کەرکووک بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیر کراوە، دوای ئەوەی هەڕەشەی لە هاوڵاتییان کردووە و داوای پارەی لێ کردوون بە مەبەستی ئەوەی کارەکانیان بە شێوەیەکی نایاسایی بۆ ڕایی بکات.
بەپێی زانیارییەکانی دەستەی دەستپاکی، بە فەرمانی دادوەری کەرکووک، ئەم بەرپرسە ئافرەتە لە کاتێکدا دەستگیر کراوە، کە هەوڵی داوە بڕێک پارە وەربگرێت بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی نایاسایی ڕەزامەندی بدات لەسەر دروستکردنی پڕۆژەیەکی وەبەرهێنانی بەخێوکردنی ماسی.
پارێزگای کەرکووک لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین پرسی هاوشێوەی بەرتیلخۆری و گەندەڵی دارایی تێدا تۆمار کراوە. ئەم جۆرە ئۆپەراسیۆنانە بەشێکن لە ستراتیژی نوێی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ دەستگیرکردنی گەندەڵکاران لە دامەزراوەکانی حوکمەتدا.